نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی هەشتەم:
گون شەیتان: مادەیەکی تۆز و بۆدرەییە؛ دەیکەیت بەسەر هەرشتێکدا دەیکات بە ئاڵتوون؛ ئەم ماددەیە لای گەلانی تر؛ بە (ئەکسیر؛ ئێکسیر) هەیە.
هەیاسی دوڕناس: کەسایەتییەکی ئەفسانەییە؛ بە نموونەی دانایی و زیرەکیی و زرنگیی دەهێنرێتەوە؛ دەکرێت بڵێین هاوشێوەی لوقمانی حەکیمە لەناو کوردەوارییدا. ئاوی ئاتەڵ: ئەم ئاوە؛ هەرچییەکی تێبکەیت دەیکات بە ئاڵتوون.
شایی جندۆکان: ئەمە بە گێژەڵۆکە دەوترێت؛ گوایە ئەو تەپوتۆز و لوول و پێچ خواردنە؛ دەستگرتن و ئاهەنگی جندانە.
جۆلانەی حۆریی: ئەمەش بە پەلکەزێڕینە وتراوە؛ گوایە؛ پەرییەکان ئەو جۆلانەیە درووست دەکەن و لەسەری گەمان دەکەن ئەها لە گۆرانیی فۆلکلۆرییدا هاتووە: لەگەڵ حۆریا شەڕێتی
بۆ سەر پەلکەزێڕینە
واتە یارەکەی ئەوەندە جوانە لەگەڵ پەنجە لە پەنجەی حۆریی دەدات؛ لەگەڵ مانگ شەڕ دەکات؛ واتە یارەکەی شان لە شانی حۆریی دەدات و خەریکە جێیان پێ لێژ دەکات!
پەلکەزێڕینە؛ نزیکەی بیست ناوی جیاوازی هەیە لە زمانی کوردیدا! بۆ نموونە زەڕینە و سمینە؛ کەواڕەنگینە؛ کۆلکەڕەنگینە؛ کەسکەسوور؛ پرچی ئایشە و فاتمە واتە پەلکەزێڕینە ئاوێنەی پرچی ئایشەی هاوسەر و فاتمەی کچی پەیامبەرە د.خ. خۆی نیشان دەدات!
ڕەمڵ؛ ڕەمڵگرتنەوە: بەخت و چارەنووس خوێندنەوە.
چوومە بنچینەی علوومی ڕەمل و جەفر و جەلجەلووت
تێگەیشتم زەڕڕەیێ نەفعیان نییە ھەر وەک سرووت
(زێوەر)
کیڕ: شووم سێرەبەند: جادوو خیفزان؛ خیڤزان؛ خێفزاک: فاڵچی؛ فاڵزان؛ دەستگرەوە؛ بەختگرەوە؛ قاوەگرەوە.
خێف؛ خیف مانای نادیار دەدات و بە مانای (غەیب) یش بە کار هێنراوە؛ بووگرە وشەی خیف و غەیب هاوڕیشەن.
خەف: بزر؛ نادیار.
قاڵیچەی پەیامبەر سولەیمان: گوایە پەیامبەر سولەیمان؛ قاڵیچەیەکی هەبووە؛ دەچووە بان قاڵیچەکە؛ بۆ هەر کوێیەک بڕۆیشتایە؛ قاڵیچە لەژێر فەرمانیدا بوو و دەبرد.
جا خراپیش نییە پێتان بڵێم فیلم کارتۆنی عەلادین بە خۆی و قاڵیچە و دێوەکەیەوە؛ لەم باسەی پەیامبەر سولەیمانەوە داکەوتووە؛ چوونکە پەیامبەر سولەیمان؛ هەم قاڵیچەی هەبوو؛ هەمیش دێو و هەفرید (عفریت) لە خزمەتیدا بوون.
(ئێمە بە حیکایەتی قاڵیچەی سلێمان پێغەمبەر و باسوخواسی عیفریتان تێکەوتین؛ شێخان هەڵیان خەڵەتاندین؛ فڵان سواری قاڵیچەی سلێمانیی بوو؛ گوتی بە حەقی سلێمان بمبە فڵانە جێ؛ دەستبەجێ بردی؛ عفریتان قەڵای کچی پاشایان هەڵگرت بە بناغەوە بردیانە ناو حەوت دەریایان و لە جەزیرەدا دایانن.
ل57-58 فڕی فڕی قەل فڕی ن/مەلا محەمەدی کۆیی چاپی 2009
کەومار: گیاندارێکە لاشەی کەوە و سەری مارە سەرقەڵەمە؛ ولفەت؛ وەڵیفەت: مز و کرێی نووشتەنووسیی وەلیفەت خۆی مانای بەهایە پارە و مز و حەقدەستی دوعا و نووشتەنووسیی.
پەرتووکی:#فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]