نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی یانزەیەم:
قولەی قاف: کێوی قاف؛ کێوێکی ئافسانەییە؛ گوایە بەرزترین کێوە و لەوپەڕی زەوییە جێی ئەژدیها و زەبەلاح و دێو و درنج و جن و خێو؛ هەر کەسێک بچێت بۆ ئەوێ؛ چوونی دەبێت؛ هاتنەوەی نابێت!
باقڵ دەچینە پەردەی ئیعتیکاف
جنۆکە دەبەن بۆ پشت کێوی قاف (#پیرەمێرد#)
شتێک لە توانای ڕووبەڕووبوونەوە و بەگژداچوونەوەدا نەبێت؛ بە قولەی قاف چوێنراوە.
مێروولە نەچێ چاکە بە گژ قولەیی قافا (شێخ ڕەزا)
چوون موورێ جەبەر قولەی قافەنی (#مەستوورە#)
دێوبەند: نوشتەیەک بۆ ئەوەی دێو و خێو و جنۆکە زەفەرت پێ نەهێنن و دەستیان پێت نەگات.
تەلیسم دێوبەند؛ قوللەی قاف لەیل
سەترش نەکەندەن؛ جە پای ناف لەیل (خانای قوبادیی)
شەودێز: تارمایی شەوان.
سامووتک نوشتەی دەمبەست؛ زاربەست: دوو جۆر نووشتە بووە.
یەکەم: بۆ بەستنی دەمی دڕندە بووە لە خواردنی ئاژەڵی ماڵیی؛ بە تایبەت ئاژەڵێک ئاوەکیی و تەرا بووبێت بە قانعیان وتبوو؛ تۆ مەلایت؛ دەمبەستی گورگمان بۆ بکە! وتبووی نایکەم! چونکە گورگ خوێندەواریی نییە و تێی ناگەن! لەسەر ئەم هەڵوێستانە ڕەنگە دە جار لە دە دێ دەرکرابێت!
دووەم: بۆ بەستنی دەمی کەسێک؛ لەوەی لە بابەتێکدا قسە نەکات یان ناڕەزایی دەرنەبڕێت و پێمل و ڕازی بێت.
شەوچرا؛ شەوچراخ (گەوهەری شەوچراخ): گەوهەرێکە؛ لە شەودا ڕووناکیی دەدات؛ ئەگەر پێت بێت؛ دەوروبەرت وەک ڕۆژ بۆ ڕووناک دەکاتەوە.
لە چیرۆکی فۆلکلۆرییدا هاتووە.
شەوارە: شەوبێداریی و کێشکی شەوان لە دەوری منداڵ؛ تا شەوە زەفەری پێ نەهێنێت.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]