نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی دوانزەیەم:
ئاوێنەی دنیابین: ئاوێنەیەک جادووییە؛ هەرچی داوای لێ بکەیت لەسەر زەوی نیشانت بدات؛ دەینوێنێت! بۆ نموونە بڵێ ڕسواترین و تڕۆترین حکومەتم نیشان بدە لەوەتەی ئادەمیزاد هەیە! دڵنیا بە لۆگۆیەکی حوکومەتی هەرێمت پیشان دەدات!
دەرئاسا: خارق.
پەرج: اعجاز.
پەرجوو: موعجیزە.
مووی پەریی: کاتێک پەریی دەریا؛ موویەکی خۆیت دەداتێ؛ هەرکات ئەو مووە هەڵکڕوزێنیت؛ دەرجێ پەرییەکە پەیدا دەبێت!
گوزارەیەکمان هەیە: (دەڵێی موویان هەڵکڕووزاندووە) بە کەسێک دەوترێت؛ لەناکاو لە شوێنێکدا پەیدا ببێت؛ ئەمە لەو ئەفسانەیەوە هاتووە.
لە ئەفسانەی کوردیدا؛ مووی دێو و مووی ئەسپ (ئەسپی سپیی ئەفسانەیی) و مستیلەی ئەفسانەیی هەمان ڕۆڵ و نمایان هەیە.
پەریی (پەریی دەریا): بوونەوەرێکی ئەفسانەییە؛ نێر و مێیان هەیە. جەستەیان لە ناوقەد بەژوورەوە مرۆڤە و بەژێرەوە ماسییە و پوولەکەدارە؛ خاوەن ژیار و شارستانێتی خۆیانن لەبن ئاوێدا.
تووک: دوعای خراپ.
تاپ: شەبەح.
جەلجەلووت: دوعایەکە گوایە فریشتە بۆ عەلی کوڕی ئەبوتاڵیبی هێناوە؛ کۆمەڵێک وشەی هەڵیت و پەڵیتن! کە دەوترێت وشەکان سریانیین و بە شێوەی عەرەبیی نووسراونەتەوە.
شێوەی دوعاکە لە قسەی جادووکەران و ئەوانە دەچێت؛ کە عەجن (جن) بانگ دەکەن!
دۆنادۆن؛ گۆناگۆن: تناسخ ڕوح؛ واتە ڕۆیشتنی ڕۆح لە قاڵبەدێک و چوونە ناو قاڵبێکی تر؛ لە هەندێک بڕوای ئایینییدا؛ دوای مردنی گیاندارێک؛ گیانەکەی لەناو ناچێت و دەچێتە بەری گیاندارێکی دیکە! واتە بۆتەی گیانەکە دەگۆرێت.
واتای وشەکەش؛ (شێوە بۆ شێوە؛ شکڵ بۆ شکڵە) دۆنادۆن و گۆناگۆن دووبارەکردنەوەی وشەی دۆن/گۆنن.
دۆن: گۆن-گون= ڕەنگ؛ شێوە؛ (ئارگۆن؛ ئارگون: ڕەنگ ئاگریی) (مەیگون: ڕەنگ مەی) وەک لە هۆنراوەی کلاسیکدا هاتووە (لێوی مەیگونە) مەبەست لەوەیە لێوی سوورە.
گوللەبەند: مانای گوللەنەبڕ دەدات.
لێرەدا مەبەست لە نوشتەی دژە گوللەیە؛ گوایە هەرکەس ئەم نوشتەیە هەڵبگرێت؛ گوللە نایبڕێت و کاری تێناکات.
گوللەبەندی کاک ئەحمەدی شێخ بەناوبانگ بووە؛ دەڵێن: سوڵتانی عوسمانیی گوللەبەندی کاک ئەحمەدی پێ بووە؛ کە گالیسکەکەیان تەقاندەوە و ئەویشی تێدا بوو؛ بەڵام هیچی لێ نەهات! دەڵێن لەسەر بزن تاقیان کردووەتەوە؛ کردوویانەتە ملی بزن و چەندێک فیشەکیان پێوە ناوە؛ هیچی لێ نەهاتووە!
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]