نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی پانزەیەم:
دەی؛ دەیدام: مرۆڤی لۆزەند (لۆزەندەر؛ لۆژەند) و زەبەلاح و تەژەند و فیتەر (فیلەتەن) پێم وشەی لۆژەند؛ لە وشەی (لوژ) ەوە هاتووە بە مانای درێژ لۆژان: درێژبوون (بە مانای ڕاکشان بە کار چووە.
درنج: مانای ڕەشایی دەدات؛ ڕەشایی و تارماییش بە مانای شەبەح و خێو بە کار هاتوون.
(دێوودرنج) وشەی درنج لەگەڵ دۆرنج هەمان شتە کە بە ڕەشایی دیوار و بنمیچ دەوترێت کە بەهۆی دوکەڵەوە درووست بووە.
کە پێشی دەوترێت (تەنی) .
ناوی ناڕاستەوخۆ: لە واری کورد؛ ئەو بڕوایە هەبوو؛ کە بوونەوەری ترسناک؛ ناوهێنانیان وا دەکات بەرجەستە ببن و ئامادەگییان هەبێت.
وەک وتوویانە: (ناوی گورگیان هێنا؛ گورگ پەیدا بوو! (بۆیە هەوڵیان داوە بە ناوێکی لاوەکیی و ناڕاستەوخۆ ناویان بهێنن و ناوەکەی خۆیان نەهێنن بۆیە لە جێی ئەوەی بڵێن گورگ؛ وتوویانە شینە؛ شینۆ لە جێی ئەوەی بڵێن جنۆکە؛ وتوویانە ئەوانگەل؛ ئەوانەیل؛ لەمەچێتر، لە جێی ئەوەی بڵێن مار؛ وتوویانە گوریس لە وتارێکدا بە سەرنێوی (ترسی ناو) کەمێک زیاتر لێی دواوم.
شاماران: شاهماران؛ شامار؛ بووکا ماران: دەمەوێت ئەم زنجیرەیە لێرەدا ڕابگرم؛ بۆیە وەک کۆتاییەک ئاماژە بەم ناوە بدەم کە لە هەر پانزە بەشەکەی ئەم زنجیرە وتارەدا؛ وێنەی شامارانم داناوە. پێویست بە هەڵنانی شێوە و بیچمی ناکات.
بەڵام ئەوەی حەز دەکەم بیڵێم ئەوەیە؛ من گومانم بۆ ئەوە دەچێت کە شاماران؛ شاژنێک بووە لە یەکێک لە سەردەمەکاندا؛ دەسەڵاتدار و خاوەن تەخت و جێ بووە. وتوویانە بەشێک لە ئەفسانەکان لە ڕاستییەوە هاتوون.
ئەوەی من بیزانم؛ فەرمانڕەواکانی کورد؛ جلوبەرگ و سیمایان بە مار دەنەخشاند؛ بۆ نموونە؛ خاوەنشکۆ (ئاژیدەهاک) ؛ دوو ماری درووستکراوی لەسەر شان بوو (ئەمە خووی فەرمانڕەواکانی میسریش بووە) .
دواتر ئەم سیمایەی ئاژیدەهاک کرا بە ئەفسانە! وتیان دوو ماری ڕاستەقینە لەسەر شانییەوە دەرچوون و هەموو ڕۆژێک مێشکی خەڵکی دەرخوارد داون، بۆیە ڕاستیان وتووە؛ بەشێک لە ئەفسانەکان لە ڕاستییەوە هاتوون!
دوو مار لەسەر شانی ئاژیدەهاک هەبوون؛ بەڵام پیاوخۆر نەبوون! لە کۆندا (مار) ؛ لە کوردەواردا؛ مار بە گیاندارێکی پیرۆز دانراوە؛ نا لە کوشتنی مار کراوە؛ هەتا ئەمڕۆکە پاشماوەی ئەو باوەڕەمان لەلا ماوەتەوە.
بۆ نموونە دینی ئیسلام دەڵێت: مار لە کەعبەشدا بوو؛ دەتوانیت بیکوژیت. ئێمە دەڵێین: (مار دەمی لە ئاودا بوو مەیکوژە) (مار تا ئازاری نەدەیت؛ ئازارت نادات) هەروەها فەرمانڕەوایانی کورد؛ ماریان کردووەتە هێمای خۆیان و چوێنەری دەسەڵاتەکەیان! بە گشتیش گیاندارە سامدار و ترسناک و بەزەبر و کوشندەکان؛ بۆ ناولێنان و نیشانەی ئازایەتیی و ترسێنەریی بە کار چووە.
نموونەی تر (ئارش مانای ورچ دەدات؛ پاشامان هەیە بەو ناوەوە .یان شێر، شێرکۆ؛ شێردڵ؛ شێرزاد) ئاژیدەهاک جگە لەوەی لەسەر جلەکانی مار نەخشێنرابوو؛ خودی ناوەکەشی مانای مار دەدات و ناوی (ئەژدیها) و (ئاژیدەهاک) گۆڕاوی یەکترن و ماناکەی ماری گەورە و زەبەلاحە.
بۆیە وەها گومان دەبەم لە ڕابردوودا شاژنێک هەڵکەوتووە؛ کە هەم ناوەکەی هەڵگری ناوی مار بووە؛ ئەم لە سەروسیما و جلوبەرگیدا مار نیشان دراوە و بە تێپەڕینی ڕۆژگەل (ڕۆژگار) ؛ کراوە بە ئەفسانە! هەتا ئەمڕۆکەش؛ ناوی (شامار) بۆ ناوزەدی پیاو و (شاماران) بۆ ناوزەدی ئافرەت هەیە.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]