نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی حەڤدەیەم:
ماگرتە: ئەگەر ژنی دووگیان لە مانگگیران و خۆرگیراند دەست بخاتە سەر زگی؛ شوێنی دەست لەسەردانانەکە لەسەر لەشی منداڵەکە دەبێتە پەڵە.
داری واقواق: درەختێکە؛ بەروبوومەکەی لە شێوەی ئافرەتە.
لە دوورگەیەکیشدا کە ئافرەتان فەرمانڕەوایی تێدا دەکەن؛ پێی دەوترێت دوورگەی واق واق، دەوترێت؛ بە ڕاستیی لە تایلاند ڕووەکێک هەیە بەرەکەی لەسەر شێوەی ئافرەتە و ناوی ڕووەکەکە (nareepol) ە واتە: درەختی ئافرەت! یان (naarilatha) .
ئامێرد: دێوەزمە؛ خێوەزمە مەردەزما: مێردەزمە وەک پێشتر ئاماژەم پێ داوە؛ مێردە زمە؛ بە بەردی تاقیکردنەوەی هێزی پیاوان (بەردە عازەبان) یش وتراوە.
ئەمەش هەندێک ڕوونکردنەوە: مێردەزمە: جوان ئازما؛ مەرد ئازما؛ مێردئازما لوڕی مورتەزمە وشەی زمە؛ دەگەڕێتەوە بۆ (زمین؛ زموون-ئەزموون) : تاقیکردنەوە زمە-ئەزمە واتە وەک وشەی چێوەزمە وایە.
چێوەزمە: داری دەستی نابینا کە بە ئەرزدا دەیگێڕێت و ڕێگەی پێ تاقی دەکاتەوە؛ بە کردارەکە دەوترێت (چێوەتەقی) .
تاپۆ: تارمایی تاباز: زەبەلاح؛ زۆر گەورە.
گوڵخەندان: ئافرەتێکە بە هەر جێیەکدا بڕوات و پێ لە هەر شوێنێک دابنێت؛ ئەو جێیە دەبێتە گوڵ و گوڵزار؛ هەر ئەمە نا؛ ئەو گوڵەی لە شوێنپێی گوڵخەندان دەڕوێت؛ چارەسەری گشت نەخۆشییەک دەکات!
نونەل: باوە عەمرە؛ کوورتەباڵای زۆرزان؛ پەنجەباڵا؛ بستەباڵا.
ماری حەوت سەر: مارێکی زەبەلاحی ئەفسانەییە؛ حەوت سەری هەیە.
پەڕی سیمرغ: باڵندەی سیمرغ پەڕی خۆی بداتە هەر کەس؛ بە سووتاندنی پەڕەکە؛ دەستبەجێ سیمرغ لەو شوێنەدا پەیدا دەبێت! کەسێکی ناحەز؛ ئەگەر لووت و بزووت لە جێیەکدا پەیدا بێت؛ پێی دەڵێن: (دەڵێی پەڕیان سووتاندووە) .
ڕەشی مشی: ڕەشی موشی؛ شتێکی خەیاڵییە وەک وشەی شاڵان و داڵان و نەسرینەسووتاو؛ شەولەبان منداڵیان پێ ترساندووە.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]