نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی هەژدەیەم:
خوودار: کەسێک جن و خێو چووبێتە گیانییەوە و شێتی کردبێت.
بەودم؛ بەوم: کەسێک دەم و نفوسی هەیە و خەڵکی تر چاک دەکاتەوە
ودم لە بنەڕەتدا مانای (سوود) دەدات. دوایە مانای (تەبەڕووک؛ پیرۆزیی) بۆ درووست بووە.
بەم شێوانەش هەیە؛ ورم؛ هورم؛ ئورم؛ ورمێ؛ ئورمێ پێچەوانەکەی بریتییە لە بێودم؛ بێورم؛ بێئورم: بێسوود ئەمیش لە بنەڕەتدا لە وشەی (ورهەم؛ وەرهەم؛ بەرهەم؛ بەهرەم؛ بەهرە.) ەوە هاتووە.
بەودم لای ئێمە مانای شووم؛ نەگریس دەدات.
کە یەکێکە لە شێوەکانی ئەم کۆمەڵە وشەیە: (بەهوم؛ بەوم؛ بەدودم؛ بەدشووم)
فوتو: نەزر؛ لە ئەستۆگرتنی کردنی کارێک و بەجێهێنانی بەڵێنێک.
نەڕگەور: نەڕەگەور؛ گازگەور؛ سەرنگ؛ سەنگ؛ سرنجک: مۆتە؛ مۆتەکە.
تامار: شەبەح؛ تارمایی پێم وایە تامار؛ هەڵگەڕاوەی وشەی تارماییە.
داربلە: ناوی کۆنی شاری (ئەخلات) ی باکووری کوردستانە. وتراوە شوێنی لێژیانی خەڵکێکی باڵا بڵند و زەلامی زەبەلاح بووە.
دەڵێن ناوەکەشی بە مانای ناوی زەبەلاح و بەرزەباڵاکان دێت.
من ئاوهای تێدەگەم (دار: دیار) (بلە: باڵا؛ بڵند)
بەلان: کەتە؛ زل؛ زەبەلاح؛ تەژە وشەکە لە بنەڕەتدا هەمان وشەی (بڵند) ە.
خەویاد: بینینی دیمەنێک کە وا هەست دەکەیت ئەو دیمەنەت پێشتر بینیوە و دەقاودەق و بە هەموو وردەکارییەکیەوە دووبارە دەبێتەوە، بەڵام ئەو ڕووداو و دیمەنەت لە خەودا بینیوە. بە ئینگلیزیی پێی دەوترێت (permonition) بە فەڕەنسیی پێی دەڵێن (déjà vu) (دێژا ڤوو) .
ئاسووار: ڕۆحانیی؛ کەسی پاک و بێگەرد و مەزن و پیاوچاک.
لەعنەتنامە: نووشتەیەک کە دوعای شەڕەنگێزیی و شوومیی و نەفرەت لێکردن و بە لەعنەتکردنی تێدا بێت.
قووتی ژیان: خواردنێکە ئەگەر یەک لوقمەی لێ بخۆیت لە هەموو ژیانتدا برسییت نابێت. لە هەندێک چیرۆکدا؛ پاڵەوان دەکەوێتە چاڵێکەوە؛ ئەژدیهایەک لوقمەیەک لەم خواردنە دەرئاسایەی دەداتێ.
بەئۆک: ناشیرین؛ ناقۆڵا؛ سامدار.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]