نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی نۆزدەیەم:
بژارە: بریتییە لە ئیستیخارەکردن بە قسە و ڕاوێژ و ئامۆژگاریی خەڵکەوە ئەمە پێشی دەوترا شەماڵە، بۆ نموونە نەخۆشێکت هەیە و نازانیت چی بخوات باشە؛ یان کچێکت دەدەی بە شوو دوو داواکاریی هاتووە و نازانیت بیدەیت بە کامیان یان نیازی کردنی کارێکت هەیە نازانیت باش دەبێت بۆت یان نا یان هەواڵی کەسێکی دوورت بزانیت؛ کە ئایا دۆخی باشە یان نا دەچیت یەکەم کەس کە لە مزگەوت دێتە دەرەوە بە کوورتیی پرسیاری لێ دەکەیت یان چاوەڕێ دەکەیت یەکەم کەس کە بێت بۆ گوندەکە یان ئەو ڕێگایە، پرسیاری لێ دەکەیت بۆ خواردنی نەخۆش کە چی چاکە بۆی؛ پرسیار لە پیاوی دووژنە دەکرا؛ یان بە شەوان گوێ هەڵدەخرا بۆ قسەی خەڵک بە گوێرەی قسەی خەڵکەکە بەختی خۆیان دەگرتەوە و لێکیان دەدایەوە کە باش دێنێت یان خراپ لە هەندێک شوێنی تر؛ پێی دەوترێت شەمۆلە و شەمێلە وشەی شەماڵە/شەمەڵە/شەموولە/شەمۆلە لە ناوی ڕۆژی (شەممە) ەوەهاتووە. چونکە بەتایبەت لەو ڕۆژەدا ئەو ئیستیخارەیە دەکرا.
سهرەبەند: ساحیر (الهدیة الحميدية) ئەستێرەی بەخت؛ ئەستێرەی کوژایەوە: گوایە هەموو مرۆڤێک لە ئاسماندا ئەستێرەیەکی؛ لەگەڵ مردنیدا ئەستێرەکەش دەکوژێتەوە؛ هەموو بەخت و چارەنووسی مرۆڤەکەش سووڕ و گەردان و شەوق و پرشنگی ئەو ئەستێرەیە دیاریی دەکات.
ئەستێرەناس: حسابگەر؛ نەجومگەر؛ کەسێک لە ڕێی ئەستێرەکانەوە بەخت بخوێنێتەوە؛ یان بە پێی ئەستێرەکان حسابی وەرزەکانی ساڵ و کەشوهەوا بکات و پێشبینییان بکات.
دۆڵاب: ئایین و ئۆیین؛ مەکر و حیلە و فڕوفێڵی ژنان.
خورپە: ئاگاییەکە بە دڵدا دێت؛ وەک دەڵێن دڵم باش ناڵێت؛ هات بە دڵمدا؛ دڵم لێی داوە
گوایە مرۆڤ هەستی شەشەمی هەیە کە ئاگاییەکی دەرئاسایە و دەر لە پێنج هەستەکەی ترە. ڕێگە و جێگەی ئەم ئاگایی و هەستەش دڵە! هەستی شەشەم بە ئینگلیزیی (sixth sense) لەلای هەندێک نەتەوە هەمان (چاوی سێیەم)ە.
بەندە پێم وایە وشەی (خەبەر) ی عەرەبیی لەم وشەی (خورپە) یەی ئێمەوە هاتووە خورپە یان خرپە مانای دەنگە وەک کرتە؛ سرتە؛ خرتە.
بە شێوەی گشتییش؛ لەو وشە دەنگییانەدا؛ دەنگی (ڕ) بنجیی نییە و زیادەیە: نکە؛ نقە-نرکە چپە-چرپە وتە-ورتە چکە-چرکە دڵم خورپەی پێدا هات: دڵم خەبەری دا.
پێڕەش: قەدەم ڕەش؛ قاپ ڕەش؛ کوچکڕەش؛ پاوشک؛ پێقوورس.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]