نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی بیستەم:
جواناو: ئارەقەی سەرەمەرگ؛ گوایە مرۆڤ لە کاتی ئاویلکەداندا ئارەقەیەک دەردەدات؛ بەو ئارەقەیە دەوترێت جواناو؛ درووستتر بڵێین جواناو ئارەقەی سەرەمەرگی جەوان و لاوانە. لە کۆنی کوردەواردا ڕۆح بە (ئاو) یان درووستتر بڵێین بە (دڵۆپێکی ئاو) دانراوە؛ کە ئەو دڵۆپە هاتە دەرەوە؛ ئیدی لاشەیەکی بێ ڕۆح دەمێنێتەوە؛ دەرچوونی ڕۆحیش؛ بەپێی ئەفسانەی کوردەواریی؛ لە خوارەوەی جەستەوە هەڵدەکشێت و لە بەشی سەرەوەی مرۆڤ دێتە دەرەوە. بۆیە دەوترێت: (ڕۆحی هاتە سەر کونە لووتی) هەر لە وشە کوردییەکانەوە؛ بەڵگەتان پێ دەدەم؛ کە لە زمانی کوردیدا؛ (ڕۆح) وەک (ئاو) ئەژمار کراوە: جواناو ڕشتن: دەرچوونی ئاو (ڕۆح) ی کەسێکی جەوان و لاو.
ئاوزینگ: ئاوەزینگ؛ ئاوەزەنگیی؛ سەرەمەرگ ئاو+ زینگ=زیندە؛ زیندوو ئاوزینگ دان: ئاوی زیندە لەدەستدان.
ئاویلکە: ئاوێکی کەم ئاویلکە دان: دەرچوونی ئاو (ڕۆح) لە لەش (ئاو لە سەری دەرچوو) واتە مرد.
چارەنۆڕ: بەختگرەوە؛ کەسێک پێشبینیی چارەنووسی خەڵک دەکات و لە چارەیان دەنۆڕێت (دەڕوانێت) خۆی چارە بە مانای ڕوخسار؛ دەموچاو دێت بە گشتیی بەڵام بە تایبەتیش بە ناوچەوان؛ ئەنیەش وتراوە.
گوایە هەرکەسێک بەخت و چانسی لەسەر تەوێڵ و ناوچەوانی نووسراوە، لەم تێڕوانینەوەیە کە ئەم وشانە و دەستەواژە و گوزارانەمان هەیە: ناوچاوانەکەم نایهێنێت. چی لە ناوچاوانەکەت نووسرابێت هەر ئەوەیە. ناوچاونم ڕەشە. بێچارە، سیاچارە چارەڕەش، بێناوچاوان، ناوچاوان وشک، ناوچاوان ڕەش، ناوچەوان قۆقز، ناوچەوان قەشقە، بەخت و ناوچاوان. وشەی تر زۆرە؛ بەشی گەیاندنی پەیامەکە؛ هێندە بەسە بێ لەمە دەوترێت خەسڵەت و ئاکاری مرۆڤ لە ناوچاوانییدا دیارە؛ واتە ڕوخساری مرۆڤەکان وەک ئاوێنەی ڕەوشت و خوو و پێناسەی کەسێتییان وایە و وتراوە مرۆڤ و باش و خراپ دەتوانیت بە ڕوخسار و ناوچاوانیدا بناسیتەوە و ئەو کەسانەش کە توانای ناسینەوەی ڕوخساری خەڵکیان هەیە؛ پێیان دەوترێت ڕووناس.
کۆمەڵێک وشەی وەک: ناوچاوان نوورانیی و ناوچاوان دێز و... هەر لەم جوغزە دەسووڕێتەوە. گوایە کەسێک کە دێز و بەدفەڕ بێت لە ناوچاوانی نووسراوە و هەر وا بە بەدفەڕیی دەیهێنێت!
سیمر؛ سیمرغ چووەتە لای ڕووسەکان و بووە بە سیمرگل گۆڕانیشی بەسەردا هاتووە. کە بووە بە سەگێکی باڵدار!
کە بە ناوەکەیدا بێت هەر ئەمە درووستەکەیەتی:
سی: یە؛ سەگ
مر: باڵندە سەگی باڵدار.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]