سەرپەرشتیارێکی پەروەردەیی ڕایدەگەیەنێت، بایکۆتی خوێندن زیانی زۆری بە خوێندکاران گەیاندووە و ئەو ماوەیەشی کە لە #سلێمانی# و دەوروبەری خوێندن فەوتاوە قەرەبوو ناکرێتەوە.
ئومێد عەلی، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی ڕایگەیاند، بایکۆتی خوێندن لە ئەنجامی بەدەمەوە نەچوونی دەسەڵاتە، بەڵام ئەگەر باسی لایەنە نەرێنییەکانی بکرێت کاریگەریی لەسەر هەموو تاکێک هەیە.
ناوبراو ڕوونیکردەوە، خوێندکار لەڕووی دەروونییەوە بۆشایی زۆر لە ژیانیدا درووستبووە و ئەو بایکۆتە تووشی خەمۆکی دەکات، لەڕووی کۆمەڵایەتییشەوە خوێندکار لە خوێندن تەنیا لەلایەنی زانستییەوە وانە وەرناگرێت، بەڵکوو بەهۆی تێکەڵاوی لەگەڵ مامۆستا و خوێندکار وانەی دیکە وەردەگرێت.
ئومێد عەلی وتی هەر بەهۆی بایکۆتەوە کۆمەڵگە دووکەرت بوون بۆ نموونە خوێندنگە ئەهلییەکان بێ کێشەن، بەڵام حکومییەکان ئەگەر زۆر باشیش بن کار ناکەن کە ئەوەش ڕق لەنێوان خوێندکاران درووست دەکات.
دەربارەی قەرەبووکردنەوەی ماوەی فەوتاوی خوێندن، ئەو سەرپەرشتیارە دەڵێت بەهیچ جۆرێک ئەو ماوەیەی ڕۆیشتووە قەرەبوو ناکرێتەوە، چونکە وەک شتێک نییە شکا بێت و چاک بکرێتەوە، بەڵام گرنگە بە کەمترین زیان لێی دەربچین.
هەروەها وتیشی دەبوو بایکۆت ئامڕاز بێت، نەک ئامانج، بەڵام بەداخەوە ئێستا بەرەو ئامانج دەڕوات، ئەوەش هەڵەیە و دەبێت بیر لە هەنگاوی کاریگەرتر بکرێتەوە. [1]