نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی بیست و یەکەم:
نەسناس: هەر بوونەوەرێک؛ شێوەیەکی مرۆڤی تێدا بێت و تاڕادەیەک بچێتەوە سەر مرۆڤ.
بۆ نموونە بوونەوەرێک کە سەری گورگ بێت و لاشەی مرۆڤ بێت؛ نەسناسە؛ پەریی دەریا نەسناسە؛ مرۆڤی یەک چاو؛ نەسناسە؛ بوونەوەرێک سەری مرۆڤ و لاشەی ئاژەڵ بێت؛ وەک شاماران ئەویش نەسناسە. تەنانەت نەسناس بەو جۆرە مەیموونانە وتراوە کە کلکیان نییە و شێوەیان لە مرۆڤ دەچێت.
یازاتا: یەزدانیی؛ لە ئایینی زەردەشتییدا بە فریشتە وتراوە.
هوما: سوما؛ لە ئایینی زەردەشتییدا؛ ئەو گا پیرۆزە بوو کە ئاهورامەزدا درووستی کرد؛ لەلایەن ئەهریمەنەوە کوژرا و لە خوێنەکەی دوو مرۆڤی نێر و مێ درووست بوو؛ بە ناوەکانی (مشیاک؛ مشیانک) کە لە دینەکانی تردا ئادەم و حەوا دەکات هەروەها ناوی ڕووەکێکی پیرۆزە کە گیراوەیەکی شیفابەخشیان لێ درووستکردووە.
لە بۆنەی نەورۆزدا زەردەشتییەکان شەرابێکیان دەخواردەوە؛ بە ناوی هوماوە؛ کە دەگەڕێتەوە بۆ ناوی گیراوەی هوما. لە ئایینی هیندۆسیشدا هەمان گیراوەی پیرۆز؛ بە هەمان ناوەوە هەیە.
لافاوی نوح؛ لای سۆمەرییەکان بەم جۆرە هەیە. لافاوێک هەموو دنیای گرتووەتەوە.
(زیوسودرا) بەهۆی درووستکردنی کەشتییەکەوە؛ ڕەگەزی مرۆڤی لەسەر زەوی لە لەناوچوون پاراست؛ کە لایەن خودا (ئینکیی) نیگای بۆ کرابوو؛ تا کەشتییەک، درووست بکات. لە پاداشتی ئەوەدا خودا تەمەنێکی زۆری پێ داوە و ناوی زیوسودرا واتە ئەو کەسەی تەمەنی زۆری پێ دراوە!
موورووە دەنگەوەرە واتە موورووی دەنگدار؛ بە موورووە دەنگیلەش ناوی هاتووە: مووروویەکی ئەفسانەییە کە قسە دەکات! جاران مووروو وەکوو نوشتە بۆ شتی جیاجیا بە خۆوە دەکران بۆ نموونە بۆ لەرز بۆ باداریی بۆ پەڕاندنی زەردوویی.
ئەم ناوانەی خوارەوە لەو پێڕەن:
موورووە تا: بە خۆوە دەکرا بۆ نەمانی تا.
موورووە لەرزە: خۆوە دەکرا بۆ نەمانی لەرز.
موورووە با: خۆوە دەکرا بۆ نەهێشتنی باداریی.
کوژەکە: لەپکە شینە؛ موورگە کەوەڵە؛ موورووی چاوەزارە.
شوە؛ موورووی شەوە؛ ژنی زەیستان لە ملی دەکات تا شەوە؛ هاڵە زەفەر بە خۆی و منداڵەکەی نەهێنێت.
موورووەکەرانە: جۆرێک موورووی دەنک گەورە بووە؛ بە پێشی کورتان دروویانە بۆ جوانیی و چاوەزار.
واتە مووروو لە ئەفسانەی کوردییدا هەیە و پێوەندیی بە خەیاڵات و جادوو و باوەڕی پڕوپووچەوە هەیە، تەنانەت مووروو جادووی پێ کراوە و ئەو کەسەش کە جادووی بە مووروو کردووە.
پێی وتراوە موورووباز/مۆرەباز هەر لەمەشەوە؛ وشەی مۆرەباز بە مانای ساختەچی و فێڵباز و کەڵەکچی هاتووە.
موورووی لە ددانی مار یان جگی گورگ؛ ڕەزات شیرین دەکات جۆرێک موورووش هەبووە؛ مارانگەستە بە خۆیان دەکرد؛ بۆ شکانی ژانی پێوەدان (موورگ مار)
کلکی ڕێوی هەڵگریت؛ بەختت بۆ دێنێت.
پای زەهر؛ پاد زەهر: بەردێکی سەوزە؛ ڕێ ڕێی تاریک یان ڕەشی تێدایە. گوایە دژ بە ژەهر سوودی لێ وەردەگیرێت.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]