نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی بیست و دووەم:
دوکەڵۆکە: ئەو پیاوە کوڵ و گردەیەیە کە لە دوکەڵی قەنەی جادووییەوە دێتە دەرەوە بۆ خزمەتکردنت داڕووزیندە: دەرمانێکە بیکەیت بەسەر مردوو و کوژراودا زیندوو دەبێتەوە!
داڕوو: دەرمان
زیندە: زیندوو
دێگونەچارێ: کچی ئەو ئافرەتە جادووکەر و بەدکارەیە کە لە پای ستەمکردن لە دەنکە هەنارە؛ دوو گون و کێرێک لە ڕووخساری دەردێت. ناوی دێگونەچارە بە دێگونەچارە و دوگنەچارەش هاتووە. دوگنەچارە واتە دوو گون لە چارە (ڕوخساری) هاتووە ئەمەش لەوەوە هاتووە؛ کچی باوەژنەکە دوو دوومەڵ لە دەموچاوی هاتووە (بەپێی هەندێک لە گێڕانەوەکان) ؛ دوومەڵەکان گەورە بوون و ڕوخساری ناشرین کردووە. دوومەڵەکانیان بە (گون) چواندووە.
سەرنجی ئەوەم داوە؛ وشەی دوو؛ کە ناوی ژمارەیە؛ گۆڕاوە بۆ (دێ) واتە دەتوانین بڵێین دێ: #مەلا غەفوری دەباغی# فەرموویە:
هەر کە هاتە ڕوو دێگونەچارە
خرا پشت کەندوو دەنکە هەنارە
#پیرەمێرد# یش فەرموویە:
بەجوانیی سووتا؛ دەنکە هەنارێ
بەخت ڕووی کردە دێگونەچارێ
لە بەشێک لە چیرۆکەکانی دەنکە هەنارەدا (گێڕانەوەکانی زۆرن) زڕدایکی دەنکە هەنارە؛ دەنکە هەنارەی لەناو کەندوویەک شاردووەتەوە و کچەکەی خۆی واتە دێگونەچارەی کردووە بە بووک بۆ شازادە (لە وتارێکدا باسی دەنکە هەنارە و دێگونەچارەم کردووە) .
نیر؛ ئانیر: نیرەنگ؛ جادوو؛ فێڵ و تەڵەکە.
دێوەجنە: ڕەزاگران.
ناقۆڵا؛ دزێو؛ بۆ هەموو شتێکی ڕەزا گران بە کار دەهێنرێت.
بە نموونە پایزێکی دێوەجنەیە: واتە پایزێکی تووش و چارەگرانە.
بابە نەورۆز: گوایە پیرەمێردێکی نوورانییە؛ لە کۆتایی زستاندا دەگات بە دیداری نەنە سەرما و گۆڕینەوەی کەشی دنیا دەکەن لە سەرماوە بۆ گەرما، کۆتاییەکانی زستان بە سەرمای پیرێژن ناو براوە، کە گوایە لە پایانی زستاندا، پیرێژن بە کوڵکۆ دەگری و داخی خۆی دەڕێژێت و ئەوپەڕیی ساردوسەرمای خۆی نیشان دەدات. بە کوورتییەکەی زستان لەژێر جڵەوی پیرێژنێکدایە بە ناوی نەنە سەرما.
بەهاریش لە جڵەوی پیرەمێردێکدایە بە ناوی بابە نەورۆز یان بابا نەورۆز.
ئەم پیرەمێردە بە هاتنی؛ مژدەی خۆشیی و خۆشگوزەرانیی و شکانی تەشقی سەرما دەهێنێت بە داخەوە؛ بە هەڵە لەم دواییانەدا لای خۆمان؛ دەیانەوێت ناوێک دابتاشن کە (مام نەورۆز) ە هەروەها لای کوردانی ڕۆژاواش خەریکن ناوی (بابا کاوە) دادەتاشن لە هەمبەری (بابانوئێل) دا.
ئەمە لە کاتێکدا کە خۆمان؛ ناوی ئەفسانەیی (بابە نەورۆز) مان هەیە.
ئێستا فارسەکان لە خەوتوویی کوردەکان؛ خەریکن ئەو دوو ناوە دەکەن بە هینی خۆیان و بۆ خۆیانی دادەبڕن.
چەلومل: چلومل؛ چەلمەل؛ چەلومەل؛ دێو و دەعبای پاتاڵ و نابووت؛ بە چەلۆ (خەڵکی لاتولەوێڕ و لاتوپووت و خوێڕیی) ش دەوترێت.
زرڤان: خودای زێرەڤانی و سەرپەرشتیاری هەموو دنیا و خودای تاقانە و ئەزەلیی و سەرمەدیی لە ئایینی زەردەشتییدا کە درووستکردنی ئەم جیهانەی بە ئاهورامەزدا سپاردووە؛ تا ببێتە مەیدان و شانۆیەک بۆ چاکە و خراپە.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]