نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی بیست و سێیەم:
دێوی سپی؛ دێوی سوور؛ دێوی ڕەش: لە چیرۆکەکاندا بەزۆریی دێوەکان بەم سێ ڕەنگە نێویان هێنراوە. ڕیزبەندییشیان بە پێی هێز لە سپییەوە دەستپێدەکات.
واتە دێوی سپی: بەهێز دێوی سوور: بەهێزتر دێوی ڕەش: بەهێزترین هەندێک جاریش دێوی بۆر دەکەوێتە نێوان دێوی سپی و سوورەوە لە ڕیزبەندییدا.
دۆڵپا؛ دۆڵپای بەحری: بوونەوەرێکی دەریاییە؛ خۆی دەخاتە سەر شێوەی پیر و پەککەوتە و داماو و داوای هاوکاریی دەکات! هەرکەس لە کۆڵی بکات و بیەوێت بیپەڕێنێتەوە؛ ئاوقای دەبێت و خۆی لە کۆڵی توند دەکات و خۆی هەڵدەچەقێنێت لە گیانی و لە کۆڵی نابێتەوە. دەوترێت سەری لەسەر شێوەی مرۆڤە و لاق و پای باریکن و وەک پێیەکانی جلە (هەشتپێ) وان و دەتوانێت بەتەواویش خۆی بگۆڕێتە سەر شێوەی مرۆڤێکی پەککەوتە و داماو! وشەی دۆڵپا؛ بە شێوەکانی دەواڵپا؛ دێوەڵپاش هەیە لە زمانەکەماندا.
لێکدانەوەی وشەکە دوو بار هەڵدەگرێت: یەکەم: وشەی دەواڵ بە مانای شتی باریکی وەک ڕشتە و تاڵ و دەزوو دەدات.
دەواڵ: زوێڵ؛ زۆڵەک؛ دەزوو؛ دواڵ؛ دواڵە واتە دەواڵپا واتای لاق باریک دەدات.
دووەم: وشەی دەواڵ یان دێوەڵ بە مانای دەعبا و ڕمووزن و عەلامات و درنج و دێوئاسا دێت.
دەی بڕوانن هەر وشەی دەواڵ بەو بووکەڵە درووستکراوەش دەوترێت کە لەسەر شێوەی مرۆڤ سەر و دوو پەلی بۆ درووست دەکەن و جلی مرۆڤی لەبەر دەکەن.
ئەم ناوانەشی هەیە: داوەڵ: مامک؛ داهۆڵ؛ هەڵامەت؛ هەرامەت؛ چەتەوڵ؛ چاتۆڵ؛ شەموولە؛ داوێڵ؛ داوەر؛ مەترسە؛ داربەلەک؛ داڵهۆ؛ داڵەهۆ؛ داڵاهۆ؛ وەیوڵەباڵێ؛ وەوەباڵێ؛ ویوڵەباڵێ؛ داڵیت؛ داوڵ؛ داڵەواز؛ داڵەوازە؛ داڵاش؛ ڕەنداور؛ دالوو؛ هەیکەلۆک؛ وەیلەکان؛ ئەلەکان؛ ئەلک.
دەبینن دەواڵ: هەڵامەت= لێبووکی باخ.
خراپ نییە جێی ئەم قسەیەش بکەمەوە. ئەو وشانەی بەم بووکەڵە دەوترێت.
لەگەڵ وشە هاوواتاکانی خێمە و ڕەشماڵ تێکەڵ کراون خێمە؛ دەوار: چاتۆڵ؛ داڵیت (داربەست) لیپۆکێ باخ: داوەر؛ چاتۆڵ؛ داڵیت .
(لۆپک: لیپۆک؛ لێبۆک؛ لێبووک) لە بنەمادا مانای بووکەڵە دەدات؛ بەڵام ئەمڕۆکە بە مانای: قەشمەر؛ گاڵتەباز؛ گاڵتەجاڕ دێت. واتە کەسێک کاری سێرک و سەیر و سەمەرە و گاڵتە و جەفەنگ و پێکەنیناویی دەکات.
دوڕبایی: بەهادور؛ ئافرەتێکە؛ لە دەمیەوە دوڕ هەڵدەڕێژێت.
گوێ سێڵ: بوونەوەرێکە گوێیەکانی زۆر گەورە بە جۆرێک کاتی خەوتن؛ دانەیەکیان ڕادەخات و دانەیەکیشیان بەخۆدا دەدات.
هەر بۆیە ناویشی نراوە گوێ سێڵ؛ واتە گوێی وەکوو سێڵ (ساج) گەورەیە؛ ئەم گوێ سێڵە؛ گوێی لە بچووکترین سرت و خورت دەبێت.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]