نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی بیست و چوارەم:
دەریالووش: بوونەوەر یان مرۆڤێکە دەتوانێت دەریایەک هەڵلووشێت و هەڵقورێنێت.
گرێی چیرۆک: دۆزینەوەی بەسەرهات و نهێنیی ڕووداوێکە کە بە کەس ئاشکرا نەکراوە و بووە بە گرێ لە مێشک و دڵی هەموواندا. لە چیرۆکەکاندا زۆر جار؛ دەکرێتە داوایەکی قوورس و وەک بیانووی کارێکی نەکردەنیی نیشان دەدرێت؛ یان دەکرێتە مەرجی ڕازیبوون.
بۆ نموونە پاشا داوا لە کوڕەکە دەکات چیرۆک و نهێنیی ئەو کابرایەی بۆ ئاشکرا بکات کە بەیانی تا ئێوارە کۆپان درووست دەکات و ئێوارە هەڵیدەوەشێنێتەوە هەندێک جاریش وەک هەڵوەشێنەرەوەی تەلیسم خۆی دەنوێنێت.
بە نموونە؛ جادووگەرەکە بە تەلیسم گرێی بەختی کچەکە دەبەستێت و پێی دەڵێت؛ تەنیا بە ئاشکراکردنی چیرۆکی دێوەکان ئەو جادووە هەڵدەوەشێتەوە.
وەلیفەت؛ ودمانە: بە دیارییەکیش دەوترێت لە بەرانبەر شتێکی موفەڕک کە بە پارە نەکرابێت.
نامەی نهێنیی؛ پەیکی سپی: نامەیەکە بە شیری بزن دەنووسرا؛ تا نووسینەکانی دەرنەکەون. دوایە خۆڵەمێشیان پێدا دەکرد و دەیانخوێندەوە. یاخود بە ئاوی پیاز لێیان دەنووسی و کە دەگەیشتە جێ؛ بە مۆم گەرمیان دەکرد و نووسینەکانی دەردەکەوتن.
شایی جندۆکان: گێژەڵووکە؛ وتراوە گوایە گێژەڵۆکە شایی و دەستگرتنی جنەکانە، هەر بۆیەش لە هۆرامییدا بە گێژەڵووکە دەوترێت وەیوڵەجنانێ.
هەروەها وتراوە؛ هەرکەس دەرزی لە گێژەڵۆکە بهاوێت؛ ئیدی دەتوانیت جنۆکە ببینیت.
یان وتوویانە؛ مێشکی مێشوولە و هێلکەی مێروولە تێکەڵ بکەیت و چای پێ بڕێژیت دەتوانیت جنۆکە ببینیت! هەروەها وتوویانە؛ گورگ جنۆکە دەبینێت و دەیخوات!
پشیلە دەبنە چاوەشی جنۆکان و دەهۆڵ و زوڕنایان بۆ لێدەدەن؛ وتووشیانە جندۆکان حەزیان لە ئاژەڵی بەڵەکە جاران بڕوا وا بوو کە ڕەشەبا زۆر بخایەنێت؛ ئەگەر تازە بووکێک یان نۆبەرەی ماڵێک؛ بچێتە سەربان و بانگردێنەکە ڕاست بکاتەوە؛ ڕەشەباکە دەکەوێت.
قەرالتووک؛ قەرەتوو تارمایی.
کراس گۆڕین؛ بەرگ گۆڕین.
دۆنادۆن؛ گۆڕینی شکڵ و بەرگی مرۆڤەوە بۆ گیانداری تر؛ واتە لە مرۆڤەوە بوون بە ئەسپ؛ کۆتر؛ درەخت؛ کناچە؛ هەندێک جاریش؛ بوون بە شتی بێگیان.
سەمەندەر: لە بەشی حەوتەمدا وەک مارێکی ئەفسانەیی ئاماژەم پێ داوە.
وتراویشە؛ باڵندەیەکی ئەفسانەییە لەناو ئاگردا دەژی و جێ و لانی ناو ئاگرە و هێلانەی تێدا دەکات و بەچکەی تێدا هەڵدێنێت.
هەروەها وتراویشە جۆرێک مێرووە لەناو ئاگردا دەژی.
#پیرەمێرد# وتوویە:
ئەڵێن (سەمەندەر) لە ئاگرایە
نەمدەگوت ڕاستە؛ ئەوم نەدیایە
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]