نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی بیست و پێنجەم:
مەرجانەی جادوو: گوایه ئافرەتێکی جادووکار یان بە گێڕانەوەی تر؛ دێڵەدێوێکی دزێو و ناشیرین بووە کە دوو لێوی گەلەک گەورەی هەیە. بە جۆرێک یەکیان ڕادەخات و یەکیشیان بەخۆدا دەدات! ئافرەتی گەلەک ناشیرین؛ بە مەرجانەی جادوو دەچوێنن.
وا دەزانم فکرەی ئەم هۆنراوەیەی #شێخ ڕەزای تاڵەبانی# بۆ ئەو ەفسانەیە دەگەڕێتەوە:
تەعەجوب گرتمی لەوەی بەربوو لەو نەحسی قیرسچمە
دوو لێفەی دا بەیەکدا؛ خاڵە مەحموود؛ وتی لچمە
هۆنەرێکی تر؛ وتوویە:
مەرجانەی جادوو؛ بێ به ھاوسەرت
لیباسی گۆنیی بکەیته بەرت
بۆ شێوی شەوێ ئەم دەرەودەر بی
چاکترە لەوە که تووشی کەر بی
سێر: جادوو؛ سیحر؛ سهر.
پیاوخۆر: لە کۆندا پیاوخۆر یان مەرتیخۆر (مەرت: پیاو؛ مەرد؛ مێرد) بە گیانەوەرێک دەوترا کە تێکەڵەیەک بوو لە شێر و پیاو؛ بە جەستە؛ شتێک لە شێر گەورەتر بووە و هەموو لەشی شێر بووە تەنیا سەری نەبێت کە سەری پیاو بووە؛ بەڵام دەمێکی گەورە و ترسناکی ئەژدیهاییەوە.
ئەم ناوە چووەتە ناو زمانی یۆنانیی بە (mantikhoras) فارسەکان؛ کوێراییان دابێت! کردوویانە بە مانتیکور!
سەرهەڵکەنە: سەربڕ.
ئەژدیهای حەوت سەر: دەکرێت بڵێین؛ ئەژدیها بە ماری زەبەلاح دەوترێت. واتە دەتوانین بڵێین ئەژدیهای حەوت سەر دەکاتە ماری حەوتسەر وەک لە گۆرانی #حەسەن زیرەک# دا هاتووە:
ژەهری ئەژدیهای حەوت سەر بێ
دەیخۆمەوە قەستی سەر بێ
لە پەرتووکی خەناوکە ناوی ئەم ئەژدیها حەوت سەرە بە (ڤیدۆس) هاتووە نەمزانی ئاخۆ وشەیەکی کوردییە یان نا هەروەها ئەژدیها هەمان بوونەوەری (دراگۆن) ی ئەفسانەیی نەتەوەکانی تریش دەگرێتەوە. هەردوو ماری حەوت سەر و دراگۆنی حەوت سەر؛ لە ئەفسانەکانی دێرینەی گەلی کورددا هەبوون.
دب: دێو پێم وایە لە وشەی (دەهبا) وە هاتووە کە لای عەرەب دەعبا و لای ئینگلیز (daeva) و (div) ە و لە زمانی دێرینەی کوردییشدا دێڤا.
گومانیشم هەیە کە وشەی (دوب) ی عەرەبیی کە مانای ورچە هەر لەم وشەی دب و دێبا؛ دێڤایەوە هاتبێت. بۆ باشتر بەرچاوڕوونیی بڕواننە وتارێکم بە سەرنیشانی (ترسی ناو) واتە وشەی دب و دێڤ و دێو لە وشەی کۆنی (دێڤا؛ دێڤە) وە هاتوون
پێوەندیشیان بە وشەی (devil) یئینگلیزییەوە هەیە.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]