نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی بیست و شەشەم
گوڵخەندان: ئافرەتێکە بە هەر جێیەکدا بڕوات و پێ لە هەر شوێنێک دابنێت؛ ئەو جێیە دەبێتە گوڵ و گوڵزار؛ هەر ئەمە نا؛ ئەو گوڵەی لە شوێنپێی گوڵخەندان دەڕوێت؛ چارەسەری گشت نەخۆشییەک دەکات!
جنیی: ئەجنی موورووەدەنگیلە لە بەشی 21 ئاماژەم پێ داوە؛ لە چیرۆکی تردا بە کودیلەدەنگلیە هاتووە؛ کە باوەژنێکی سیحربازێک؛ دەنگی خۆی دەکاتە ناو مووروویەکەوە یان کودی (کولەکە) یەکەوە و بە پشتی جووتە کچەکەوەی دەکات و پێیان دەڵێت؛ باوکتان لە دواتانەوەیە بڕۆن و بانگی باوکتان بکەن هەتا گوێتان لە بەڵێی باوکتان بێت بڕۆن و ئاوڕ مەدەنەوە. کچەکان هەتا لە هێزی ڕۆیشتن دەکەون هەر دەڕۆن و بانگی باوکیان دەکەن و ئەویش وەڵامیان دەداتەوە. تا دوو کچەکە لە چۆڵەوانیی و لە جێیەکی دوور تیادەچن!
هەزار ئاواز: بولبولی هەزار ئاواز؛ تەیری هەزار تەیر؛ بولبولی خۆشئاواز.
لە فارسییدا بە بولبولی هەزار دەستان ناسراوە. دەستان هەر مانای ئاواز دەدات.
ئەم بولبولە باڵندەیەکی ئەفسانەیی و دەگمەنە؛ گۆیا بە هەزار ئاواز دەخوێنێت و پەیداکردن و دۆزینەوەی ئەم باڵندەیە کارێکی نەکردەنیی و زەحمەتە.
لە چیرۆکەکاندا یەکێک لە داوا قوورسەکان؛ داواکردنی ئەم بولبولەیە ئەم بولبولە لە شاری پەرییانە و شابانووی پەرییان ڕایگرتووە.
بە بیستنی ئاوازی ئەم بولبولە مردوو زیندوو دەبێتەوە؛ کوێر چاک دەبێتەوە.
بازی زێڕین: ئەم بازە ئەگەر لە کن نەخۆش بخوێنێت؛ گەرد و خەوشی نامێنێت و چاکی چاک دەبێتەوە.
تەلیسمی ڕۆژ یان شەو: ئەو تەلیسمە مرۆڤ دەکات بە شتی تر؛ بۆ نموونە کوڕە شوان لە ئاوی کانیاوەکەی خواردەوە کە تەلیسمی لێ کرابوو؛ بە ڕۆژدا دەبوو بە کوولەکە و شەوان دەبووەوە مرۆڤەکەی جاران.
کچی پاشاش تەلیسمی لێ کرا بوو؛ بە شەوان دەبوو بە کۆتر.
سەرە گورگ: لە باخدا هەڵدەواسرا؛ چونکە بڕوا وا بوو؛ بە سۆنەیەوە باڵندە و پشیلە و قرتێنەرەکان ناوێرن قەرەی ئەو شوێنە بکەون؛ کلکی گورگیش لە کاداندا بێت؛ مشک و شتی تر نزیکی ناکەون.
هەروەها شاخی کەڵەکێوی بۆ چاوەزار هەڵواسراوە.
مستەفاداودان: پێشی دەوترێت کەماندار (مستەفاکەماندار) ؛ لە ئایینی یارساندا فریشتەی گیانکێشان و عەزابە.
دێوی حەوکوڕ: دەڵەدێوێکە حەوت کوڕی هەیە؛ دوو مەمکی گەلێک گەورە و شۆڕی هەیە بە جۆرێک مەمێکی چەپەی ڕادەخات و ڕاستە بەخۆدا دەدات! ئەگەر کاتی نووستنی؛ فریا بکەویت و دەم بنێیت بە مەمکی ڕاستییەوە؛ بە کوڕی خۆیت قبووڵ دەکات و لە شەڕی خۆی و حەوت کوڕەکەی ڕزگارت دەبێت؛ بگرە هاوکارییشت دەکەن بۆ کار و ئامانجەکەت.
مەمک مژین؛ مانای ئەوەیە من تۆ بە دایکی خۆم دەزانم. ئەم نموونەیە وا دەزانم بۆ پتر تێگەیشتنمان بکەڵکە.
ڕووداوێکی دوو سەد ساڵ لەمەوپێشم خوێندەوە باسەکە ئەوە بوو گومانی خراپیان بە کابرایەک دەبرد کە نیازی خراپی بەرانبەر بە ئافرەتێک هەبێت یان سەرودەری لەگەڵیدا هەبێت.
کابرا لەپێش چاوی برای کچەکەدا سەر دەنێت بە مەمکی ئافرەتەکەوە و دەڵێت ئەم ئافرەتە وەکوو دایکی منە و من چۆن شتی وا دەکەم! بەو جۆرە هەموو دڵیان ساف دەبێت!
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]