نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی بیست و حەوتەم:
سەرەک: کەللەسەری ئاژەڵان کە لە ماڵدا یان لە بێستاندا هەڵدەواسران، بە دوو ئامانج:
یەکەم: بۆ جوانی.
دووەم: بۆ چاوەزار و چاوبەست. ناوەکە گشتییە و سەر و کەللەی هەموو گیاندارێک دەگرێتەوە؛ بەڵام دەشێت بۆ هەر گیاندارێک؛ ناوێک هەبووبێت.
بۆ نموونە بە کەللەی کەر کە لە باخدا بۆ چاوەزار هەڵواسراوە وتراوە (سەرکەر؛ سەرەکەر)
ئەسپی ڕەش: ئەسپێکی ئەفسانەییە؛ بەزۆریی لە چیرۆکەکاندا؛ وڵاخی سواریی ساحیران و بوونەوەرە دەرئاساکانە؛ خێرایی ئەسپەکە دەرئاسایە و وەک تیسکەی تفەنگ دەڕوات. هێندە خێرایە دەتوانێت بەسەر ئاوی دەریادا غار بدات.
ئەسپی سپی: هەمان خەسڵەتی ئەسپی ڕەشی هەیە؛ بەڵام ئەمیان پاڵەوان و نیازچاکان دەیئاژۆن.
لەنێوان ئەو دوو ئەسپەدا؛ ڕەنگی ڕەش؛ نیشانەی نیشانەی خراپە و ڕەنگی سپیی؛ نیشانەی باشەیە.
دێودانگ: داودانگ؛ ناوی منداڵێکە کە بەری جووتبوونی مرۆڤ و دێوە.
چیای ڕەش؛ کێوی ڕەش: چیایەکی سەخت و چڕەڵانە؛ شوێنێکی ترسناک و مەترسییدارە و جێی دێو و درنج و دڕندە و ئەجندانە.
فەرهیت: جنۆکە پێم وایە ئەم وشەیە هەڵگەڕاوەی وشەی هەفریت؛ حەفریت بێت حەفریت؛ عەرفیت؛ ئەفریت؛ ئیفریت جۆرێکی باڵادەست و زەبەلاحی جنە بەڵام وەکوو ناویش بۆ جن بە کار چووە.
ئەوەش بزانین کە وشەی فەرهیت یان فەرحیت بە بێچووی نەهەنگیش وتراوە کە ڕەنگە واتاکەی ترازابێت و لە بنەمادا مانای (نەهەنگ)ی دابێت کە گیاندارێکی زەبەلاحەکە. چونکە مانای وشەکە خۆی (زەبەلاح) ە!
پۆڵاکرۆژ: نێرە دێوێکە لە هەموو دێوەکانی تر بەهێزترە؛ باوکی دێوی سپی و دێوی سوور و دێوی ڕەشە.
خەوی چل شەوە: دێوەکان کە دەچنە خەوەوە چل شەو و چل ڕۆژ لە خەودا دەبن لە ئێوارەی کۆتا ڕۆژدا بەخەبەر دێنەوە.
شێوازی خەوتنی دێوەکان؛ پێچەوانەی مرۆڤە؛ ئەوان کە چاویان نووقا بێت بەئاگان و کە چاویان زەق بوو؛ خەوتوون.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]