نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی بیست و هەشتەم:
ئەسپی با: ئەسپێکە بەخێرایی با دەردەچێت.
لە چیرۆکی قەمەرناز و گوڵنازدا ناوی هاتووە.
بەستنی ئافرەت: ئەگەر ناوی ئافرەتێک بهێنیت و کلکی گورگ گرێ بدەیت؛ هیچ کەس ناتوانێت بچێتە لای ئەو ئافرەتە هەتا گرێکە نەکرێتەوە.
ماری خەونزان: مارێکە توانای قسەکردنی هەیە؛ نەک هەر مانای خەوەکان دەزانێت؛ بەڵکوو دەشزانێت چی خەوێکت بینیوە.
شوومیی ڕۆژەکان: سێشەمان سەرچاککردن و جل هەڵگرتن و بە دروویندان باش نییە و ئەگەر سێ جار لە سێشەماندا سەرت چاک بکەیت؛ تەمەن کوورت دەبیت.
ئەگەر سێشەممانیش جل بکەیت؛ جلەکەت دەسووتێت.
پێنجشەمان و شەوان نینۆک کردن باش نییە.
شەمان بووکی تێدا ناگوێزرێتەوە و بووک گواستنەوە لەو ڕۆژەدا خراپە (شەمە کار و شەمە بار شەمە بووک تیا ناکرێ سوار) .
دووشەمان بۆ ماڵگواستنەوە باش نییە؛ چونکە پەشیمان دەبیتەوە و دێیتەوە شوێنی خۆت. تەنانەت وتوویانە ئەگەر دووشەمە بەردێک لە جێیەک بگوێزیتەوە؛ دێتەوە جێی خۆی.
نیوە مرۆڤ و نیوە مەیموون: لە ئەنجامی هاوسەرگیریی مرۆڤ و مەیموون پەیدا بوون؛ لە کەمەر بەسەرەوەیان مرۆڤ و بە خوارەوەش مەیموونن.
سێوی جادوویی: ئەم سێوە چارەی نەزۆکییە! سێوەکە دەکرێت بە دوو کەرتەوە نیوەی ژنەکە دەیخوات و نیوەی مێردەکەی. ئیدی کێشەی نەزۆکییان نامێنێت و منداڵیان دەبێت. یان هەر کەسێکی بەتەمەن بیخوات؛ گەنج و جەوان دەبێتەوە.
کاکۆڵ زێڕ و ددان مرواریی: دوو منداڵی دوانەی کوڕ و کچ بوون؛ کوڕەکە پرچی زێڕ و کچەکە پرچی زیو بووە بە کاکۆڵ زێڕ (کوڕ) و کاکۆڵ زیو (کچ) یش هاتوون.
شەوچرا لە بەشی 11 ئاماژەم پێ دابوو کە گەوهەرێکە؛ بەڵام هەمان ناوی شەوچرا؛ ناوی ئافرەتێکە؛ لە خوێنەکەی گەوهەر درووست دەبێت.
تێرنەخۆرە: بوونەوەر یان مرۆڤێکە تێرخواردنی نییە و هەر خواردنێک و هەرچەندێک بێت؛ برسێتیی ناشکێنێت.
هەر لەسەر مووروو: موورووی شەوە؛ موورووی هاڵ؛ مووروویەکی نوکتەنوکتەیە. زەیستان لە ملی دەکرد؛ هەروەها خەنجەر دەکرایە ژێر سەری ساواوە تا شەوە نەیبات یان دەوترا بۆ ساوای کوڕ؛ دەبێت شەش پیاز بدرێت لە شیش تا شەوە نەیبات.
موورووی کۆکە: حەوت دەنک موورووی ڕەنگ شین بوو؛ بۆ کۆکەڕەشە لە مل دەکرا.
موورووی زەردوویی: مووروویەکی زەرد بوو؛ بە دەستبەند دەکرایە دەست.
موورووی زومڕوت: ئەگەر بۆ ماری دابنێیت و سەیری بکات؛ کوێری دەکات.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]