نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی بیست و نۆیەم:
نەشەمە: پێشگۆیی و نوقڵانەی خراپ و خوێندنەوەی خراپ بۆ ئاییندەی کارێک یان کەسێک یان شتێک.
بڕوا وایە نەشەمەلێدان خراپە و وا دەکات بەو بارە خراپەدا بشکێتەوە کە باست کردووە.
وەک وتوویانە غەیبەتی کەس مەکە؛ دێتەوە ڕێی خۆت.
بەڕۆژە: ناوی کچی شای پەرییانە.
دەم ڕەش: کەسێک نوقڵانەی باش لێنەدات؛ نەشەمەی خراپ لێ بدات.
مەمک ڕەش: ئافرەتێک کە مەمک لە زاری منداڵێک بنێت بمرێت.
پێ ڕەش: کەسێک لەگەڵ هاتنیدا ناخۆشیی پێش بێت.
سەر ڕەش: سەرەخۆرە؛ منداڵێک بە لەدایکبوونی (دایکی) بمرێت.
پێ ڕەش: کەسێک بە هاتنی شتێکی خراپ ڕووبدات.
ناخڕەش: کەسێک هەمیشە بە چاوی خراپ و گومان لە هەموو شتێک و کەسێک بڕوانێت دەستڕەش: کەسێک شت بە دەستییەوە نەیەت یان نەڕوێت یان بشکێت شەوش.
مانە؛ شەوشەمەکی: شەماڵە (شەماڵە گرتنەوە)
فوتو: نەزر.
ترسی ناو؛ جاران دەیانوت ئەگەر ناوی مار و دوپشک بهێنیت؛ ئەوا پەیدا دەبن؛ بۆ ئەوەی ئەمە ڕوو نەدات؛ لەگەڵ ناوهێنانیاندا؛ دەیانوت ناویان بە کۆڵەکەی ئاشا چێ! (ناویان بە کۆڵەکەی ئاشدا بچێت.)
گۆچانی جادوویی: ئەم گۆچانە؛ لە هەر شوێنێکدا بتەوێت و بیکوتیت بە ئەرزدا؛ کۆشکێک لەو جێیە درووست دەبێت.
حەوت تەبەقەی زەویی: وەک چۆن ئاسمان حەوت تەبەقە؛ زەوییش حەوت چینە هەر چینێکیش ژیار و ژیانی خۆی هەیە و مرۆڤەکان تێیدا دەژین.
هەریەک لەوانیش وەک سەر زەویی؛ بیابان و شاخ و دەریا و خڕ و دۆڵی هەیە پاڵەوانی چیرۆکەکە لە ڕێی تونێلێکەوە دەگات بە چینی یەکەمی ژێر زەوی لەوێ ڕێنمایی دەکەن؛ بە خوێندنی تەلیسمێک لە (پەرتووکی جادووەکان) ؛ دوو بەران پەیدا دەبن یەکیان ڕەش و یەکیان سپی. ئەگەر سوار پشتی بەرانی ڕەش ببێت؛ دەیباتە چینی هەرە خوارەوە.
تفی سیمرخ: تف و لیکی سیمرخ؛ دەتوانێت پارچەی پەڕیو و لێبووەوەی جەستەی مرۆڤ؛ پێکەوە بلکێنێتەوە و چاکی بکاتەوە.
سوێندی دێو و پەریی: سوێندی هەرە گەورە و جێی بڕوای پەریی و دێوان ئەوەیە کە بڵێن؛ (بە شیری دایکم؛ بە تیری باوکم.)
سابوونی جادوویی: ئەم سابوونە لە هەر شوێنێک فڕێ بدەیت ئەو شوێنە دەبێتە شوێنێکی خلیسک. کچی ناو چیرۆکەکە؛ ئەم سابوونە و چەند شتێکی جادوویی تر لە دێوەکە دەفرێنێت و لە دەستی هەڵدێت بۆ ئەوەی دێوەکە نەیگرێتەوە کە بە شوێنییەوەیە؛ ئەو سابوونە هەڵدەدات لە دوای خۆیەوە و شوێنەکە دەبێتە لیزان (شوێنی خز) و لەسەری هەڵدەخزێت.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]