نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی 30:
ئەژدەر: ئەژدیها.
مار و ماسین؛ دەبنە ئەژدەری سەحرا و نەهەنگ.
دەست و پای بێسەروپای زاڵمە؛ دەیکەن بە وەزیر (#حاجی قادری کۆیی#).
بەردەکۆکە: بەردێکی کونە؛ دەکرێتە ملی ئەو کەسەی کۆکەی هەبێت؛ بۆ نەمانی کۆکەکەی.
ڕەشکێ شەڤێ: وەک دەستەواژەی (گورگانە شەوە؛ گورگانە شەوێ) بەکاردێت منداڵی پێ دەترسێنن دەڵێن ئەگەر نەخەویت دێت دەتخوات.
گورگانە شەوێ
گورگانە شەوێ
یاخوا کۆرپەکەم
خەوی لێ کەوێ
موفەڕک: هەڵگرتنی شتێکی کەم و بچووک لای نزرگە و پیاوچاکێک بۆ پیرۆزیی و بەرەکەت و خێر.
وەک خۆڵی سەر نزرگە یان پەتی سەوزی لای شێخ و پیاوچاکان.
کێوی ئەڵماس: شاخێکە؛ یەک پارچە ئەڵماسە وتراویشە باڵندەی سیمرخ لەسەر دوند و ترۆپکی ئەم شاخە هێلانە دەکات.
موورووی دڵخۆشیی؛ موورووی یوسر: بە لەملکردنی دڵتەنگیی ڕووت تێناکات.
ئاڵ بەدەست: کەسێک کە جنی گرتبێت یان خدری زیندەی لە ژیانیدا دیبێت ئەو کەسە ئەگەر ئافرەت بێت؛ لەچکەکەی و ئەگەر پیاو بێت؛ جامەدانەکەی دەداتە زەیستان تا ئاڵ زەفەر بە خۆی و منداڵەکەی نەبات.
جووکیی: کەسێک کە تەلیسم و سیحر و جادوو و نوشتەی ڕەش بکات.
تەشتی جادوویی: لە هەر جێیەک ئەم تەشتە فڕێ بدەیت؛ ئەو جێیە دەبێتە دەریا.
بۆچن؛ بۆچنە: بۆنبڕ؛ ئافرەتێک کە نەخۆشیی بەبۆنکەوتن دەردەکات و چارەی دەکات.
بۆنبڕ؛ بە (حەوت دەرمانە)ش دەوترا کە دەرمانی چارەسەری نەخۆشییەکە بوو و دەخورایەوە.
باڵندەی شووم و باڵندە پیرۆزەکان: هەندێک باڵندە لە تێڕوانینی کورددا؛ بە پیرۆز یان بەد و شووم دانراون. دەکرێت کاتی تر؛ ڕوونکردنەوەی لەسەر بدەم لێرە تەنیا چەند ناوێک ئاماژە پێ دەدەم.
باڵندە شوومەکان: چۆلەکە؛ کونەپەپوو؛ قەلەڕەش؛ قەلەباچکە.
باڵندە پیرۆزەکان: حاجی لەقلەق؛ کوڕکوڕە؛ پەپووسلێمانکە؛ پەڕەسێلکە؛ کوکوختی.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت#. [1]