نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی 31:
بەی خەنان؛ بەی خەندان: بەهێیەکی ئەفسانەیی بووە کە پێکەنیووە.
سێڤ گریان: سێوی گریی: سێوێکی ئەفسانەیی بووە کە گریاوە.
چلە: هەندێک کاروبار؛ چل ڕۆژیان بۆ تەرخان کردووە، چلەی منداڵ؛ چلە دەرکردن؛ چلەگیر؛ چلەکێشان: چل شەو ئێشکگرتن لە دەوری ساوا و بەبڵە و زەیستان بۆ ئاڵ و شەوە لێ دوورخستنەوەیان.
ئەمە پێشی وتراوە (شەوارە) هەروەها شەوارە بە (شەماڵە؛ شەوشەمانە) و شتی تریش وتراوە.
چلەکێشان؛ چلەگرتن: خەڵوە و ڕیازەتی عاریفان و زاهیدان، چل ڕۆژ مانەوەیانە لە خەڵوەتگە و ئەشکەوت و کاژێردا بە تەنیا و سەرقاڵبوونیان بە پەرستشەوە.
چلەی مردوو: چلە دانان بۆ مردوو (ئەمانە هەر بە کوورتیی ئاماژە پێ دەدەم؛ دەنا وتاری سەربەخۆیان دەوێت).
گۆزەی جادوویی: فووی تێدەکرێت؛ دەبێتە سوپا و لەشکرێکی بێشوومار.
مانگ گیران: هۆکاری خراپەی خەڵکە و ئەگەر بەسووریی بگیرێت: نیشانەی شەڕ و کوشتار و ناخۆشییە. ئەگەر بەڕەشیی بگیرێت؛ نیشانەی قاتوقڕیی و گرانییە.
ژێرپیاڵەی شین: وەکوو چاوەزار هەڵیانواسیووە.
کاسەی جادوویی: ئاوەکەی بڕژێتە سەر زەویی؛ دەبێتە زێڕ.
شاڵان و داڵان: ناوی دوو سەگی ئەفسانەیی بوون؛ یاریدەری پاڵەوانی چیرۆکەکە بوون.
هەروەها شاڵان و داڵان؛ وەک وشەکانی (شەولەبان؛ ڕەشی مشی...) بەکارهێنراوە.
یەک بە سێ کردن: کاتێک شتێک بە دەستەوە بشکایە؛ بۆ نموونە پەرداخێک؛ بەتایبەت لە دەمی ڕۆژێدا؛ بڕوا وا بوو؛ ئەوە نیشانەی ڕوودان و ڕووتێکردنی ناخۆشیی و خراپەیەکە بۆیە دوو شتی تر لە هەمان جۆر؛ یان دوو شتی کەمباییان دەشکاند؛ تا بەڵاکە بکەوێت لە شتە شکاوەکان و لەوان دوور بکەوێتەوە.
پارکۆڵە: بێچووی دێو؛ خۆی ڕاستییەکەی پارکۆڵە بە (پارینە)ی هەندێک گیاندار وتراوە؛ وەک ورچ و بەراز.
دڕکە مارە: دڕکی مار؛ جۆرە ڕووەکێکی دڕکدارە و دڕکەکانی ژەهراویین و ئەگەر لە مرۆڤ هەڵچەقێن؛ وەک پێوەدانی مار؛ کوژەرە.
قەور شکاف: قەبردانەوە؛ گوایە جاران خەڵک کەمێک لە خاکی گۆڕیان لاداوە و لەگەڵ مردوودا قسەیان کردووە.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]