نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی 32:
دڵدڵە: بوونەوەرێکی ئەفسانەییە؛ سەری ئافرەتە و ئەوی تری وەک ئەسپە.
موورووە شیرە: مووروویەکی سپییە؛ ژنی شیردا لە ملی دەنێت؛ پەی ئەوەی شیری زۆر بێت.
موورووە بەڵەک: موورووی ڕەش و سپین و دەکرێنە ڕشتە بۆ دەستبەند و پابەندی منداڵی لە ڕولاواز، بۆ ئەوەی گۆشت و چەوریی بگرێت.
موورووە ڕەشەکان؛ گۆشت و سپییەکان؛ بەزی پێ دەگرێت.
حاڵ لێهاتن: هەلەکە؛ جەزبە کەوتنە ناوی حاڵی خۆوە و بەدمەستبوون و بێ ئاگابوون لە دونیا و دەوروبەر ئەمە بەسەر سەرخۆش و دەروێش و گوێلێگری مۆسیقا و گۆرانییدا دێت.
بانبانک: گیاندارێکە؛ بڕوا وا بوو ئەم گیاندارە؛ لەسەر گەنجینە و زێڕ و زیو دەنوێت و هێلانە دەکات.
ئەوی لە چیرۆکەکاندا باس لە مشک دەکات کە پارە دەدزێت و گەنجی ئاڵتوونی هەیە. مەبەست لە خودی مشک نەبووە، بەڵکوو مەبەست لەم گیاندارە بووە؛ ئەو تێکەڵییە؛ لەوەوە چاک بووە کە ئەم گیاندارەش؛ بە جۆرێکی مشک زانراوە. بۆ نموونە لە فەرهەنگەکاندا دەیبینین: بانبانک: جۆرە مشکێکی درێژکۆلەیە.
گۆڕهەڵکەنە: وتراوە؛ ئەم گیاندارە؛ لەو کۆرپە مردووانەوە درووست دەبن؛ کە لەگەڵ دایکە دووگیانە مردووەکەیان نێژراون.
تاس دانەر: تەلیسم هەڵوەشێن؛ جنۆکەگر.
شانەی جادوویی: لە هەر شوێنێک فڕێی بدەیت؛ ئەو شوێنە دەبێتە چڕەڵان و زەبەند و جەنگەڵ. خراپ نییە و حەز دەکەم ئاماژە بە دوو شت بدەم:
یەکەم: وشەی جادوو؛ لە زمانی کوردیدا بە جادوو؛ یاتوو؛ یادوو؛ جازوو هەیە، ئەم وشەیە؛ لە (جاذب)ی عەرەبییەوە هاتووە واتە ڕاکێشەر؛ کەمەندکێشکەر؛ ئەفسوونگەر لە زمانی کوردیدا وشەکە بە (چووزم) هەیە ڕەنگە گۆڕاوی چووزب بێت. چوونکە هەر کورد وشەی (جەزب)ی گۆڕیوە بۆ (جەزم) .
چووزمان: دیمەنی سەرنجڕاکێش چووزماندار: سەرنجڕاکێش؛ دڵڕفێن؛ دڵکێش؛ دڵبەر؛ ئەفسوونگەر وشەی ئەفسوون دەتوانین بڵێین واتای (جادوو) دەدات.
ئەفسوونگەر (سەرنجڕاکێش) .
دووەم: وشەی (سحر)ی عەرەبیی؛ لە وشەی (سەیر؛ سێل؛ سێر)ی کوردییەوە هاتووە بە مانای (سەمەرە) لە بنەمادا وشەکە؛ واتای (بینین؛ تەماشا) دەدات مەبەستیش لە شتێکە کە سەرنج ڕابکێشێت و شایانی سەیرکردن بێت لە پێشتریشدا ئاماژەم پێ دابوو؛ وشەی (سێرک) لەم وشەی (سەیر)ەوە هاتووە.
قەمزە نوشتە: بەرگی کاغەزی نووشتە.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت#. [1]