نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی 33:
فریشتڵە: فریشتەی بچووک.
قەر: فریشتەی بەخت؛ کە لەسەر شێوە و قاڵبی مرۆڤە.
پڵێموت؛ گۆنگیر: ئیزرائیل؛ (ملک الموت) ؛ فریشتەی گیانکێشان وشەی (فریشتە) ؛ کە مانای مەلائیکەیە؛ هەمان وشە لە زمانی کوردیدا و لە (لەک و لوڕ) دا؛ مانای (بەخت: شانس)یش دەدات. وەک: فریشتەخێر: خۆشبەخت.
ماچی جادوویی: لە چیرۆکەکەدا (کوڕەکە ماچی کچەکە دەکات؛ بەو ماچە هەردوو چاوە کوێرەکەی چاک دەبنەوە.)
سوپەند: جاران تۆوی گیای سوپەندیان دەهاویشتە ناو ئاگرەوە بۆ چاوەزار؛ ئەمە لە شوێنێک کە گومانیان لە کەسێک هەبووایە چاوی پیسە.
تیبا؛ تاپۆ؛ تێبا؛ ساویر؛ سیار؛ سوێس؛ سهنە؛ سەهویر؛ شەودێز؛ ڕەشکی شەڤێ؛ ڕەشکە شەڤە: ڕەشایی؛ تارمایی لە بنەمادا؛ سیار و ساویر هەمان وشەی سێبەرن.
کەومار؛ کەوەمار: بوونەوەرێکی ئەفسانەیی و هەروەها بوونەوەرێکی ڕاستەقینەشە.
دەربارەی بوونەوەرە ئەفسانەییەکە؛ وتراوە:
1- لاشەی کەوە و سەر و گەردنی کەوە.
2- کەومار: کەوەحەفی؛ ماری باڵدار
بۆ بوونەوەرە ڕاستەقینەکەش وتراوە:
1- مارێکە دەنگی وەک کەوە.
2- مامۆستا کامیلۆ کافڕۆشی پێی وایە باڵندەی (ستوبادۆک؛ ستوهمارک)ە (Jynx torquilla) بەڵام لە هەمووی ڕاستتر؛ کە من ڕام لەگەڵ ئەوەدایە و پێم وایە بوونەوەرە ئەفسانەیی و ڕاستەقینەکە لە بنەمادا ئەو گیاندارەیە؛ ئەویش باڵندەی (بوتیمار؛ بۆتیمار)ە.
بۆت: مراویی+مار واتە تێکەڵەی مراویی و مار واتە سرووشت و شێوەی لەو دوو گیاندارە دەچێت.
وشەی واق هەم دەنگی قاز و مرواییە؛ هەمیش دەتوانین بڵێین مانای مراویی دەدات لە هەمان کاتدا وشەی واق بە بۆتیمار وتراوە.
ئەم بۆتیمارە لەگەڵ شینەشاهۆ؛ لە یەک پێڕن و شینەشاهۆشی پێ وتراوە.
واتە شین و کەوە یەک شتن و ماریش هەر مارە! جیا لەمانەش جۆرێک مار هەیە پێی دەوترێت: کەومار: کەوەمار: شینەمار (کەوە: شین).
گیسکەبازەڵە: ئەم گیسکە داوای لێ دەکرێت خۆی بکوژێتەوە و بچێتە ناو مەنجەڵەوە و بکوڵێت و دواییش داوا لە ئێسک و پرووسکەکەی دەکرێت وەک خۆی لێ بێتەوە؛ دەبێتەوە بە گیسکەکەی جاران.
پیرۆزە: باڵندەیەکە سێبەر بەسەر هەرکەسێکدا سێبەر بکات؛ دەبێتە شا.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت#. [1]