نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی 34:
ئەنگوستیلە ئەفسانەییەکان:
1- ئەنگوستیلەی جادوویی: ئەنگوستیلەی سلێمان: ئەگەر ئەم ئەنگوستیلەیە لە پەنجە بکەیت و دەست بەسەر نگینەکەیدا بهێنیت؛ عفریتەکان بۆ خزمەتکردن و بەجێهێنانی فەرمانت ئامادە دەبن.
2- ئەنگوستیلەی جادوویی: ئەم ئەنگوستیلەیە؛ تیشکێک دەردەکات؛ ئەو تیشکە دەتوانێت دەریا شەق بکات.
3- ئەنگوستیلەی جادوویی؛ لەناو ئاودا بێت تەلیسم درووست دەکات و ئەگەر لە ئاوەکە بخورێتەوە تەلیسماویی دەبیت، ئەنگوستیلەکە لە ئاوەکە دەربکەیت؛ تەلیسمەکە دەشکێت.
ڕیقنەی کۆتر: بە پێی چیرۆکەکان ئەگەر ڕیقنەی کۆتر؛ بکوڵێنرێت؛ چاوی کوێری پێ چاک دەکرێتەوە؛ تەنانەت دەتوانێت؛ جەستەیەکی لەتوپەتکراو ڕۆحبەبەردا بکاتەوە و چاکی بکاتەوە.
زەگزەگە؛ بەرتەڵاش؛ دەگەنەک؛ خەلۆل؛ حەپەنتی؛ گەوەزە؛ بەلان؛ کەڵان؛ حەپەنۆت؛ تەرکی؛ کەڵێن؛ کێران؛ نەترەبۆق: زەبەلاح؛ تەژەند.
کوندە پەپوو: باڵندەیەکی شوومە و حەزی بە وێرانە و کەلاوەیە و لەسەر هەر شوێنێک بخوێنێت؛ وێران دەبێت و کوێر دەبێتەوە.
کوکوختی (بیبیسوو)
کۆتر: کچێک بووە لەژێر دەستی زڕدایکێکی بێویژداندا، داوای لە خوا کردووە؛ ڕزگاری بکات لە چنگی باوەژن و خوداش داواکەی وەرگرتووە و کردوویەتی بە قومی یان کۆتر، ئاخر جار باوەژن ناردوویەتی بۆ ئاو و کەمی هێناوە و لەسەر ئەوە لێی داوە، ئەویش هەتا بە هەتا دەڵێت: کوو کوو نەمدی نەمخوارد نەمڕێشت.
یان ئەم چیرۆکە دەدرێتە پاڵ پەپووسلێمانکەش؛ لەوێدا خەسوویەک بووکەکەی چەوساندووەتەوە و لە ئاخر جاردا ناردوویەتی بۆ ئاو، ئەویش داوای کردووە ببێت بە کۆتر و هەتا ئێستا دەڵێت:
پەپوو
خەسوو
کەف بوو
کەم بوو
پۆڕ: لە بنەمادا دوو کچ بوون دەگەڵ خوشکێکی تریان بە ناوی کەناچە؛ کناچە بووە.
لەژێر فەرمانی باوەژنیان چوون بۆ دارکردن، کەناچە دەکەوێتە ناو ئاو و ڕاپێچی دەکات و دەیبات، دوو خوشکەی تر؛ لە بیمی باوەژنیان ناوێرن بگەڕێنەوە و داوا لە خوا دەکەن بیانکات بە پۆڕ و لەو کاتەوە بۆ هاورای کەناچەی خوشکیان دەکەن (کناچە؛ کەناچە: دەنگی پۆڕە) هەروەها ناوی باڵندەیەکیشە هەروەها بە مانای (کەنی؛ کەنیشک؛ کچ) دێت.
قەلەڕەش کە دەخوێنێت؛ دەڵێت (غاک غاک) ئەوە دەڵێت: (من نەمدزیوە)
(چیرۆکەکەیم لە بیر چووەتەوە خێری دایبابتان کۆمەکم بکەن و بۆم تەواو بکەن) جا شتێکی تریش لەسەر قەلەڕەش هەیە:
وتوویانە ژنان کە قەلەڕەش دەبینن دەڵێن: (خێرخەبەر؟)
گوایە کاتی خۆی؛ ژنان قەلەڕەشیان ڕاسپاردووە و لە پەیامبەر سولەیمانیان بۆ بپرسێت کە ئایا ئەوانیش بۆیان هەیە؛ وەک پیاوان؛ چوار مێردیان هەبێت و جوابیان لێ بگێڕێتەوە، لەو کاتەوە قەلەڕەش ڕۆشتووە؛ جوابی لێ نەگێڕاونەتەوە و ئەوانیش هەر چاوەڕێی خەبەرن لێی!
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]