نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی 35:
مارمێلکە: بۆ ئەوەی تاو بسێنێت؛ فووی لەو ئاگرە کردووە کە ویستوویانە پەیامبەر ئیبراهیمی (د.خ.) تێهاوێن!
چۆلەکە: ئاگری بردووە؛ خەرمانی پەیامبەر (د.خ.) بسووتێنێت.
(کڵاوکوڕە) ئاوی هێناوە و ئاگرەکەی کوژاندووەتەوە.
چڕنەموورە: دێوێکە؛ ئەگەر هەزار جاری بکوژی دڵۆپێک خوێنی بڕژێتە سەر عەرز زیندوو دەبێتەوە.
ئەوەی لەم خاکە دایکوتاوە ڕیشە
مەرگی کەوی کرد چەشنی چڕنەموورە
چنگی گیرکرد لە ئەوک و پرچی هەرچی
شلێر و شەشپەڕ و سوێسنە و چنوورە
(#ئەمین گەردیگلانی#)
چەور و شیرین: جۆرە مووروویەکە؛ بۆ شیرینبوون و چوونە بەر دڵ؛ دەکرا بە خۆوە.
ڕۆژەکان: سێشەممان ؛ تەراشکردن باش نییە؛ چونکە پەیامبەر (د.خ.) لەو ڕۆژەدا تەراشی کردووە و نابێت وەک ئەو بکەین.
چوارشەممان؛ سەردان و دیدەنیی نەخۆش باش نییە ئەو ڕۆژە بۆ زیارەتی پیاوچاک و سەرقەبران کراوە، واتە بۆ مردووە نەک زیندوو.
ڕۆژ چوارشەنبە؛ مەشۆ نە ڕای دوور چوار.
مەلەک نە عەرش؛ دائیم پڕ جە نوور (خەلیل منەوەر)
سێشەممان؛ نینۆککردن باش نییە.
ڕۆژی هەینیی بۆ نینۆککردن باشە (خۆپاککردنەوە لە هەینییدا؛ سوننەتە)
دووشەممان؛ سەردان و سەفەر؛ چاکە.
ڕۆژ دووشەنبە؛ هەم تەدارەکەن
پەی سەفەر دوور؛ هەم موبارەکەن ( خەلیل منەوەر)
چوارشەممان؛ خۆت بشۆریت؛ تووشی باداریی دەبیت.
ڕۆژەکانی نۆ و نۆزدە و بیست و نۆی مانگەکان: لەلای لەک و لوڕ ئەم ڕۆژانە شوومن.
گوڵی تەمەن؛ داری تەمەن: دارێک یان گوڵێکە پێوەست بە تەمەن و حاڵوباڵی ئەو کەسەوە دەبێت کە دەینێژێت، ئەگەر مرۆڤەکە نەخۆش بێت و لە تەنگاسییدابێت؛ ئەویش سیس و پەژموردە دەبێت، مرۆڤەکە گوراح خۆش و ئاسوودە بێت؛ ئەویش بە شەوق و ڕەونەق و گەش دەبێ، ئەگەر چێنەر و نێژەرەکەی بمرێت؛ ئەویش وشک دەبێت و دەمرێت.
چەلق و فەلەق؛ چەرخوفەلەک: ئەمە دەزانین بریتییە لەو یارییەی کە کۆمەڵێک ناوی تری هەیە.
وەک: (لەلووک؛ لەیلووک؛ ماینچەقەڵ؛ سارسارۆک؛ کورسی کورسی) ؛ بەڵام لە چیرۆکەکاندا؛ ئامێرێکی ئەفسانەییە و وەک فڕۆکە و ئەو چەشنە وایە.
لەناو دەقی چیرۆکێکدا: (چەلق و فەلەق؛ بە ئەمری خوا؛ لەو چیایە دەگەڕا) خوانچەی ئەفسانەیی: سفرەی ئەفسانەیی؛ هەرکات ڕایبخەیت؛ سفرە دەڕازێتەوە و خواردنی لەسەر ئامادە دەبێت.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت#. [1]