نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی 37:
بولبولی خۆشئاواز: (پێشتر پێناسەم کردووە). ئەم بولبولە؛ هینی کچی شای ئەجندان (پەرییان)ە.
کاتێکیش دەخوێنێت کە بسکی کچی شاری پەرییانی لێ دیار بێت لەوەلا ناخوێنێت، بۆیە پاڵەوانی چیرۆکەکە لە کاتێکدا کچی شای ئەجندان خەوتووە و بولبولەکەی لێ دەبات بە دزییەوە چەپکێک لە بسکی کچە پەرییش دەبڕێت بۆ هەمان مەبەست ئەم بولبولە؛ لە باخی تۆراو (باخێک لە بەر چووبێتەوە و بەر نەگرێت) بخوێنێت؛ دێتەوە بەر و بەر دەگرێت.
سەڕسەڕە: ناوی دێوێکە لە چیرۆکەکاندا ناوی هاتووە.
تیتک: نوشتە و موورووی ناوچەوانی منداڵ.
لەرزبڕ؛ لەرزبەند: نووشتەی نەهێشتنی لەرزوتا.
شەقەبەند: نووشتەی نەهێشتنی شەقەژانی سەر (شەقیقە) وشەی (شەق) مانای نیوە دەدات شەقیقە لە مەوە هاتووە (ژانی نیوەی سەر).
شەقە گۆشت: نیوەی لاشەی سەربڕاو.
گۆزەی ڕاوێژ: ئەم گۆزەیە ئەگەر دەستی لێ خشێنیت؛ بە قسان دێت و دەتوانیت ڕاوێژی پێ بکەیت و ڕێچارەت بۆ دابنێت.
بازی تەلان: بازی زێڕین پێشتر باسی (بازی زێڕین)م کردووە. لێرە باسی ئەم ناوە دەکەم.
وشەی تەلان پێم وایە کۆی ناوی (تەڵا) یە.
(وشەی ئاتەڵ؛ تەڵ؛ ئاڵت؛ ئاڵتوون) یش لە بنەمادا کوردییە و باسیشم کردووە.
هەروەها گومانیشم هەیە کە وشەی (تەڕلان) هەر لەم (تەلان)ەوە زیاد بووە.
دەنا (تەڕلان) مانای چییە؟ بۆچی هەر لەگەڵ ناوی بازدا بە کارهێنراوە؟ (باسی چوواندن ناکەم) وشەکە چووەتە ناو زمانی فارسی و تورکییەوە؛ هەروەک وشەی تەڵا و ئاڵتوون.
دارکونکەرە؛ داتەقێنە؛ کە دەخوێنێت دوعا دەکات و لە خوا دەپاڕێتەوە باران ببارێت. بۆیە کە بخوێنێت کەشوهەوا دەگۆڕێت بۆ کەشی باران.
زەنگی تەقڵەباز: ئامێرێکی میوزیکیی ئەفسانەییە؛ لە شێوەی تۆپێکە کە چەندین شێپوور (فیقە)ی پێوەیە و چۆنی بگێڕیت؛ ئاوازت بۆ دەچڕێت؛ بۆ ئەوەی بێزار نەبییت.
سێوی مێخەکڕێژ: ئەم سێوە نیشانەی خۆشەویستیی و دڵگۆڕینەوەیە، ئەم سێوە مێخەکڕێژ دەکرێت و وەک دیاریی خۆشەویستیی و بەدڵبوون و پێڕازیبوون لەلایەن کچەوە دراوە بە کوڕ.
حوروەش؛ حوری وەش: حۆرییئاسا؛ پەریئاسا.
حووری وەشە شیرین مەشە، کاکول ڕەشە خال حەبەشە
خالێن د قەر مسکێ تەتەر، نازک بەشەر کافوور بوو. (#مەلای جزیری#)
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت#. [1]