نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی 39:
بەختگرتنەوە بە زەرزەنگ (تەسبیح) ؛ فاڵگرتنەوە بە تەسبیح؛ حسابگەریی: بەشێک لە گەڵوازەی موورە (دانە)ی زەرزەنگ؛ بڕ دەدرێن (جیا دەکرێنەوە) و پاشان دەژمێردرێن ئەگەر ژمارەکە جووتی هێنا، پێیان وایە بەختی باش دەهێنێت (بەختی جووتە: بەختی جۆرە؛ بەختی سازە) ئەگەر تاکیشی هێنا؛ پێیان وایە ئەوی بە نیازین؛ بۆیان ڕێک ناکەوێت و دەستگیریان نابێت.
ئەم تاک و جووتە بە هەندێک شتی تریش کراوە بۆ نموونە پەڕەی گوڵ شێوەیەکی تری ئەوەیە هەردوو بژاردەکە دەوترێت؛ کۆتا دانەی کامیان بێت؛ پێیان وایە؛ ئەوەیان بۆ پێش دێت.
بۆ نموونە پەڕە پەڕەکردنی گوڵێک لەلایەن فێرخوازێکەوە؛ کە لەگەڵ لێکردنەوەی هەر پەڕەیەک؛ یەک بە دوای یەک دەڵێت:
دەردەچم
دەرناچم
دەردەچم
دەرناچم
دەردەچم
ئاڵی زەنگان: ڕەشکی شەڤێ؛ شەوە ئوڵوڵو: خۆخۆلێ: دوو ناوی ئەفسانەیین وەک شەولەبان؛ ڕەشی مشی بۆ ترساندنی منداڵ.
ئەسپەدارینە: بوونەوەرێکی خەیاڵیی بووە؛ دواتر کردوویانە بە ناوی ماتۆڕسکیل. (یان پایسکیل).
ئەسپی بەحری: ئەسپە و لەناو ئاودا دەژی و دەشتوانێت بێتە دەرەوە و پاڵەوانەکان لە بەحر دەری دەکەن و سواری دەبن.
کاردۆغە: وشەیەکە بۆ بەتاڵکردنیی شوومیی دەوترێت.
(قەل قڕاندی؛ کاردوغە) نکل و نکین: نەکیر و مونکەر؛ دوو فریشتەی لێ پێچەرەوەی ناو گۆڕ.
قوتیلەچرای ئەفسووناویی: قتووەیەکە دوو مۆمی تێدایە؛ بە داگیرساندنیان؛ دوو عفریت ئامادە دەبن بۆ نوات (نوا: نەوا؛ خزمەت).
لات و مەنات: دێوەکان کافرن و سوێند بەم دوو بتە دەخۆن.
پەل: فاڵ (فێڵ؛ بەخت).
پەلدار: فاڵگر؛ فاڵگیر؛ فاڵچی؛ فاڵاوێژ؛ پێشڤاوی؛ بەختوێژ؛ بەختبێژ ئینسان ئاویی؛ ئینسان.
دەلیا: بوونەوەرێکی ئەفسانەیی ناو دەریایە؛ نیوەی لەشی مرۆڤە و نیوەشی ماسییە (پەریی دەریا).
جانیی: ناوی سەگێکی ئەفسانەییە؛ ئەم سەگە؛ موویەکی خۆی دەداتە پاڵەوان؛ دەڵێت هەرکات ئەو مووەم هەڵبکڕوزێنیت؛ لەپێشت ئامادە دەبم و دێم بە هاناتەوە.
ئەنگوستیلەی گەروو: پێشتر باسم کردبوو؛ سێ جۆر ئەنگوستیلە هەیە بەڵام ئەمەش هەیە! ئەم ئەنگستیلەیە؛ چیت لێی بووێت؛ بۆت دەستەبەر دەکات.
پاڵەوان (حەمەدۆک) ؛ کچی شای ماران ڕزگار دەکات و دەیگەیەنێتەوە بە دایبابی لە هەمبەردا پێی دەڵێن: چیت داوایە بیڵێ؟ ئەویش: داوای ئەنگوستیلەی گەرووی شا دەکات ئەوانیش دەیدەنێ ئیدی خوا وەتحەسێنێ! بیوتایە برسیمە لە سای ئەنگوستیلە؛ خواردن ئامادە دەبوو بیوتایە کۆشکم دەوێت؛ کۆشک پەیدا دەبوو.
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]