نووسەر: #هاوڕێ جەلال پاڕەزانی#
بەشی 41:
ئەرنائوت: ئەرنەئوت، زەبەلاح.
بەستراو، بەسراو: کەسێک نوشتە و جادووی لێ کرابێت و بەختی بەسترابێت یان دەمی یان داوێنی.. ئەگەر دەمی ببەسترێت لەو شتە ناخوات یان قسەی تێدا ناکات و ئەرێ نادات. ئەگەر بەختی ببەسرێت؛ هاوسەرگیریی ناکات. دامێنی ببەسرێت؛ سەرجێیی ناکات.
پیرێژنی سەرئاسن: پیرێژنی بێبەزەیی و دڵڕەق و خودانەناس و سڵنەکەر لە ئازاردان و خراپە.
قەرە: جنۆکەی منداڵڕفێن.
قەرەنتیی: ڕەشایی، تارمایی.
نەتەکین: شوێنێکی پیرۆز، وەک نزرگا و پەرسگا، کە خەڵک سڵی لێ بکەنەوە.
تێبا: تیبا، تاپۆ، تارمایی، شەبەح.
تەلەسم: تەلیسم، نووسراوی جادوویی لەسەر تەل و سیم (تەل، تەڵا، ئاتەڵ: ئاڵتوون) (سیم: زیو) لە بنەمادا سیم و تەل هەمان وشەی (تاڵ)ن، هەروەک ئەمڕۆش بە مانای تێل، تاڵی باریکی کانزایی بە کار دەهێنرێن. تەلی کارەبا، سیمی ڕاکێشانی ئۆتۆمۆبێل.
دێوڵاخ: دێولان، دێوستان، جێی دێوان، شوێنێک کە دێوەکانی لێ دەژین و بۆ مرۆڤ؛ پڕمەترسیی و ترسناکە.
داندۆ: دێوێکی ترسناکە و هیچ چەکێک نایبڕێت؛ لاوازیی ئەم دێوە ئەوەیە ئەگەر بتوانیت زۆر تووڕەی بکەیت و خەفەتی پێ بدەیت. لە ناخەوە گڕ دەگرێت و سەرتاپا دەسووتێت و دادەمرکێتەوە. ئەم ناوە لە هەڵگەڕاوەی ناوی (دێودانگ) دەچێت کە لە بەشی (27) باسم کردووە.
قایش باڵدر: جنۆکەیەکە گوایە بە شەو پیاوی دەفڕاند، بەڵام ئەگەر پیاوەکە دەستی ببردایە بۆ بەنەخوێنەکەی؛ ئەوا ئەو بە هەڕەشەی نامووس تێی دەگەیشت! جا چونکە زۆرحەیابەخۆ و بەتەنگ ئابڕووی خۆیەوە بووە؛ تێی قووچاندووە.
جۆکیی: جووکیی، کەسێک نوشتەی ڕەشیی و چاوبەست و دێوبەند و کاری تەلیسم و جادوو بکات.
ورشە: لێدراو لەلایەن جنۆکەوە، جنزەدە (بە مانای تریش هەیە).
پەرتووکی: #فەرهەنگۆکی ئەفسانە و سەرووسرووشت# [1]