فرەکتۆز واتە شەکری ناو میوە تەواو جیاوازە لە شەکری سپی، هەروەها بەڕێژەی جیاواز لەناو پیاز، سیر، بڕۆکلی و کۆمەڵێک سەوزەی تر هەیە، ئەوەی فرکتۆزەی کە زانستی پزیشکی ئاماژەی بە زیانەکانی کردووە بریتییە لەو جۆرەی کە لە گەنمەشامی دەردەهێنرێت (corn syrupe) و لە بری شەکر بەکاردێت نەوەک فرکتوزی ناو میوە کاتی میوەکە بە ساغی دەخورێت، دکتۆر #کامەران ژاژڵەیی#، پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک چەند ڕاستییەکی بڵاوکردووەتەوە.
کیتۆ دایت سیستمێکی خۆراکی سەرکەوتووە لە دابەزاندنی کێش و کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵێک نەخۆشی درێژخایەن، بەڵام باشترین سیستم نییە و بۆ هەموو کەسێ ناگونجێت و کۆمەڵێک کاریگەریی لاوەکی هەیە، کە هەندێکجار مەترسی بۆ ژیانی کەسەکە درووستدەکەن و بە هەموو کەسێک جێبەجێ ناکرێت، لە بری گرانی تێچوەکەی و شیوازی ئامادەکردنی و بەردەوام بوون لەسەری، بەڵام لە کیتۆشدا چەند جۆرێک میوە ڕێگاپێدراوە وەک بلۆبێری و شلیک و ئەڤۆکادۆ.
خوێی چێشت هەموو ناوەندی پزیشکی و زانکۆ و ڕێکخراوە پزیشکییە متمانەپێکراوەکان کۆکن لەسەر ئەوەی پێویستە لە بڕی دیاریکراو زیاتر نەخورێت.
شەربەتی میوەی فرێش بڕێکی زۆر وزەی تێدایە و بۆ کەسێک ناگونجێت کە شەکرەی هەبێت یان قەڵەو یان کێشی زۆر بێت، بەڵام بەراورد کردنی بە خواردنەوەی گازی یان کحولی تەواو کارێکی نازانستی و بێ بنەمایە.
سەرکەوتنی کیتۆ و لۆکارب و هاوشێوەکانی پەیوەندی نییە بە نەخواردنی میوە، بەڵکوو بە تەرک کردنی برنج، نان، سەمون، ساوەر، خواردنەوە گازی و کحولییەکانەوە.
نابێت هیچ کەسێک لە خۆیەوە بە نەخۆشێک بڵێ واز لە دەرمانەکانت بێنە یان فڵان خواردن بخۆ بە دڵی خۆت، زۆرن ئەو حاڵاتانەی دوای چەند ڕۆژێ لە فریاکەوتن داخڵ بوون و باری تەندرووستیان ناجێگیر بووە. [1]