#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
ڕۆژتان باش!
من ناوم پشیلەیە. بە نەتەوە کوردم و بە ئایین
مەسیحی. هەندێ کەس بە جۆرجیش بانگم
ئەکەن. ئیستە بێکارم. بەڵام ماوەیەک لەمەوبەر
ساعووری تاقە کڵێساکەی ئەم شارە بووم. منی
پشیلە یان جۆرج، باپیرە هەرە گەورەم یەکێک بووە لە
پشیلە دەوڵەمەند و خێرخوازەکانی ناو ماڵی کەریمی
ئەلەکە.
ئەم باپیرە پشیلەیە، ئەوەندە پشیلەچاک و بەخشندە
بووە.
لە گرانیە گەورەکەدا، نەیهێشتووە یەک پشیلەی
هەژار لەم شارەدا، لەبەر برسێتیی بمیاوێنێ و هەموویانی
تێر کردووە. جا پشیلەی مەسیحی بووبن یان
موسڵمان.
من بەو دواییەو هەر لەسەر ئەم جادەی
سەهۆڵە کامەرانم ناسی. گەلێ جار ئەو باسی
دایکە کڵۆڵەکەی و خوشکە قەیرە بەدبەختەکانیم بۆ
ئەکات و منیش باسی چوار بێچووە ڕەش و ڕووتەکانم.
ئیستە هەردووکمان ڕۆژانە لەتاو برسێتی و بێکاریی
بەردەوام ئەمیاوێنین. من بەرامبەر خاوەنی ئەو
ڕستۆرانتە و کامەرانیش بەرامبەر بە نیشتمان!
بەڵام هەردووکیشیان لە ختەلێکردن زیاتر هیچی
ترمان نادەنێ!
#شێرکۆ بێکەس#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە.=KTML_End=