#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
ئەم کاتەت باش!
من ناوم کۆترەشینکەیە و کچم
ماڵەکەم وا لەو گەڕەکی منارەیە.
من لە پەڕوباڵی خۆم و لە دەنووکم و
لە ماڵەکەم و گەڕەک و
لە هەموو شتێ بێزارم!
من گمەگمی حەرامی ناو ئاین و نیشتمانم.
من بۆم نییە دوور لەم منارەیە بفڕم!
من بۆم نییە دوور لە دەنگی منارەکە
گوێ لە دەنگێکی تر بگرم!
یان سەمایەک لەگەڵ بەفر و بادا بکەم.
یاخود دەستی کوڕی خەون و خۆزگەم بگرم!
من ناتوانم قژی خۆم بۆ جادەکان و
بۆ مۆسیقا و بۆ کۆترەشینکە نێرەکان
هەرگیز دەرخەم!
من مێینەی ناو بەهاری قەدەغەم و
شەو و ڕۆژیش
لەژێر چاودێری
دووربینی منارەدام.
باڵەکانم بۆیان نییە بە دوو پەنجەیش
تەوقە لەگەڵ باڵە نێرەکاندا بکەن!
من چارەنووسی حەرامم وەکوو جەستەم.
گوڵێک حەرام.
ئاوێک حەرام.
گۆرانییەکی حەرام و
شەرابی ناو قەسیدەیەکی حەرامم.
#شێرکۆ بێکەس#. [1]