#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
تۆ نیشتمان!
ئەی ئەو پیاوەی لە قوللەی بەرزی
غوروری ناو سەرتەوە ئەڕوانیتە
خواری خۆت و بۆ جارێکیش دانابەزیت
بۆ ناو گوردەمی برین و لای پاییزی
ئەم هەموو ژانە چاوەڕوانانە!
جارێک لە پیاسەیەکی درێژدا
درێژ بە قەد تونێلەکانی بەدبەختی و
ئازاری خەڵک.
تەنیاییم دووردوور بردمی
بۆ ئەو بناری خەمانە و
بۆ لای پاییزی ژیان و
بۆ لای گژوگیای جوانەمەرگ.
لەوێ بۆ یەکەم جار تووشی
لادێیەکی کەڕولاڵ بووم
هەرچۆنێک بوو، بە دەست، بەسەر
بە چاو، بە قاچ، تێی گەیاندم:
ئەوەتەی ئەو هەیە نە خوا
ڕۆژێ سەرێکی لێداوە و
نە پێغەمبەر و جوبریل و نە بوراق و
نە خەلیفە و نە ئەمیر و نە والیەکانی حکومەت.
دوای ئەو قەلەباچکەیەکم بینی
بێوەژنێکی یەک باڵی نابینا بوو.
وتی: ئەوەتەی منیش هەم
جارێ نەمدی نە چرایەک بێت بۆ لام و
نە یەک کەوچک دەوای دەرد و
نە بەتانی و بەڕەیەک و
نە کراس و کۆڵوانەیەک.
پیاسەی درێژم بردمی، هەر بردمی.
مراویی یەک قاچم بینی.
کۆتری بێ دەنووکم بینی
کەروێشکی بێ گوێچکەم بینی.
گوێ درێژی بێ قەپۆز و، مانگای بێ گوان،
ڕێوی بێ کلک، ئەسپی بێ یاڵ،
ئاوی لاڵ و
دار و درەختی بێ قژ و
ڕەزی مردووی زۆرم بینی.
کۆتەڵی درێژ بردمی و هەر بردمی
وەختێ لەوسەر گەڕامەوە، نیوە شەوێ،
هەوری چاوم هەر ئەوەندەی ئاو پێ مابوو
بە بێدەنگیی هەڵیگرێ
بۆ دوایین قوڵپی گریانی قەسیدەیەک!
#شێرکۆ بێکەس#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە.=KTML_End=