#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
گزنگێکی ساوا وتی:
تۆ نیشتمان!
من نازانم ئەڵێن ڕۆژێک بووە جوان بووی
پڕبووی لە شەوبۆی گەنجێتی و ورشەورشی
خەوی بەفر و پڕبووی لە ئاوازی سپی و باڵی
پرشنگ بۆ هەڵفڕین. ئەڵێن ئەو ڕۆژەی
تۆ لەگەڵ ئازادیدا، قۆڵ لە قۆڵدا بە زریوە وبریسکەوە،
هاتوونە ناو حەوشەی شەوی زیندانەکان
ئەم شارەوە، کەس نەماوە ماچی دەست و ماچی
قاچ و خاک و خۆڵی ژێر پێڵاوی ئێوە نەکا!
نەونەمام و پیرەدار و پیرە بەرد و گولی باخچە و
سنەوبەر و نۆتەی مۆسیقا و پەردەی شانۆ و
قافییەی شیعر و شەپقەی چیرۆک و دەسەسڕی
سەرچۆپی و چوارچێوەی تابلۆو زەردەخەنەی
پەیکەرەکان و
پەپوولەو مێرولە و گۆچانی پیرەمێردەکان و سەرپۆشی
پیرێژنەکان و فڕفڕۆکەی منداڵان و بووکە شووشەکان و
شمشاڵەکانی شاخ و و گیتارەکانی شەقام و پرچی
کچەکانی زانکۆو بۆنی خۆشی گەڕەکەکان و بەشێک
مردووی سەر قەبرانیش لەگەڵیاندا و لە پێشەوە
ڕەفیق حیلمی و
بێکەس و لە هەڵەبجەوە مەولەوی و
لە خاک و خۆڵەوە نالی و هەموو هاتوون بە پیرتەوە.
تۆی ڕاپەڕینیان هەڵکێشاوە لە گوڵاو بۆ شەویش
لە دڵیاندا دابەزیون و تا چەند ڕۆژێ هەر لەو
ماڵە ماونەتەوە.
من نازانم وەکو ئەڵێن موستیلە و بازنی خەونەکان،
ئەوەندە زۆربوون کچێ نەماوە ژنێ نەماوە
نەیانکردبێتە
دەست و پەنجەیان، هیواکان ئەوەندە جوان بوون،
ماڵ نەماوە بە تەنیشت گوڵەباخەکانەوە
نەیانڕوێنن.
من نازانم ئەڵێن تۆ لەو دەمەدا، ئەم پیاوە
گرژ و مۆنەی ئەمڕۆ نەبووی، عاشقان خۆزگەیان بووە
لەناو پارکی ئازادیدا وێنەیەکت لەگەڵ بگرن. یان
دەستێک بکەنە ملت و ماچت بکەن. تۆ ئەو ڕۆژانە
لە شەبەقەوە تا بوولێڵ لەژێر چادری ئاوارەکانی
کەرکوکدا بوویت و ئەچوویتە ناو کۆڵانی
خەمەکانیانەوە و
لەبەر دەرگا لەگەڵیاندا دائەنیشتی و گۆرانیت
بۆ ئەوتن و بە سبەینێت ئەناساندن. وەکو ئەڵێن
تۆ ئەو سەردەمە ئەم پیاوە ناشیرینەی ئەمڕۆ
نەبووی.
ئا ئەم باخچە پاسفندەیە و
ئەم ئەلبوومە زشتە نەبووی. تۆ ئیستا
منداڵەکان
لێت ئەترسن. ژنەکان کە ئەتبینن دەرگای
ماڵەکانیان دائەخەن. ئەگەر وا بڕوا تۆ ڕۆژێک بە تەنیا
ئەمریت و لەگەڵ دارە مەیتەکەتدا هەر ئەو
قاچاخچی و
دزانە ئەڕۆن کە خۆت کردنت بە میر و سەردار!
#شێرکۆ بێکەس#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە.=KTML_End=