#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
ئەی پیاوە بەردینە بێ وەفاکە
بەرامبەر سەری خۆت و
چاوی خۆت و بناری خۆت!
تۆ قەت ڕۆژێ نەهاتویتە ئەم ماڵی کامەرانە
سەردانی خەم و هەناسەی ساردی دایکم و سەردانی
ژووری بەدبەختی خوشکەکانم بکەیت. تۆ ئاگات
لە مت و موورووی غەمگین و کراسی گریاویان نییە.
تەنها جارێ و بۆ ژەمێکیش پەتاتەیەکی کوڵاو و
چۆڕێ شۆربات لەگەڵ ئێمە نەخواردووە. تەنها
جارێک لەگەڵ ڕازی پێلاوی شڕی ئێمەدا نەدواوی و
مەراقێکی کون کونی ئێمەت نەداوە بە خۆتدا. سەرت
نەخستۆتە سەر بەردی سەرینێکی ئێمە و شەوێک
لەناو هۆدەی ئازارماندا نەنووستوویت و کەوچکێ
دەرمانت نەکردووە بە دەمی شەوێکی نەخۆشی
ئێمەدا. تۆ چووزانی کرێچێتی چییە و ڕەنگی چۆنە! تۆ لەرزوتای
سکی خاڵیت نەگرتووە تووشی لەت و پەت بوونی
دەروون و پووکانەوەی هیوا نەبوویت. خۆبەستنەوە
بە تۆوە جۆرێکە لە خۆبەستنەوە بە سەرابەوە.
من وەک ئەو پیاوە غەریبانە ئەتناسم کە بەلامدا
تێئەپەڕن و لەوانەیە جارێکی دی هەرگیز
نەیانبینمەوە.
من پێناسەی تۆ بخەمە گیرفانەوە یان نەیخەم
چی لە بێکاریم و لە بێزاریم و لە دڵتەنگیم ئەگۆڕم؟!
#شێرکۆ بێکەس#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە.=KTML_End=