#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
ڕۆژتان باش
قاجتان باش
ڕێ و بانتان باش!
من جووتە پێڵاوە لاستیکە
بەبەدختەکەی دایکی کامەرانم.
چەند ساڵە هاودەمی قاچەکانیم.
کە من تەزیم، ئەوانیش ئەتەزن .
کە من پڕووکام، ئەوانیش ئەپڕوکێن!
کە من ئاودزم کرد، ئەوانیش ئەخنکێن.
کە لە ماڵ چووە دەرەوە
تا ئەگەڕێتەوە منی لەگەڵم.
کە چووە ژوورەوە
ئەوسا ئیتر من بە تەنیا لە بەر دەرگا
ئەمێنمەوە و دائەنیشم و چاوەڕوانم.
من زۆر نزیکم لە دایکی کامەرانەوە
ئەو لە سەرەوە ئاخ هەڵئەکێشێ و منیش
لە خوارەوە دۆش دائەمێنم.
ئەو تەماشای خەمەکانی خۆی ئەکات و
منیش هەنگاوەکانی ئەژمێرم.
ئای کە ئەم قاچانە ڕاکەڕاکەیانە.
ئای کە ئەو پەنجانە داماون.
بەم ڕۆژگارە بە دەم هەناسە سارد و
گەرمەکانمەوە لە پێڵاوە گەنجەکان ورد ئەبمەوە
ئەوانەی ڕوومەتیان بریقەی دێ
پێڵاوە قژ ڕەشەکان، قژ سوورەکان
قۆندەرە کەڵەگەتەکانی ژنان
سفورەکانیان،ئەوانەی بەهاوین هەموو پەنجەکانیان ڕووت و بەدەرەوەن.
موحەجەبەکانیان ئەوانەی هەموو
جەستەیان تا لای پووز ئەشارنەوە لە
وەرزە جیاجیاکاندا من گوێم لێیە.
ئەم دایکی کامەرانە
ئەم ژنە پاقلە فرۆشە
قەزوان فرۆشە، گوڵەبەڕۆژە فرۆشە
ئەو دەنکە پاقلانە چۆن ئەلاوێنێتەوە!
ئەو دەنکە قەزوان و دەنکە گوڵەبەڕۆژانەی چەند خۆش ئەوێ!
من ئەزانم چ حەسرەتێ لەو دڵەدا و
چ فرمێسکێکی لانەواز و
چ تەماشایەکی بێوەژن
لەو چاوانە دایه!
من ئەزانم تا نووزەی تیا بێ فڕێم نادا و
تا دوا هەنگاویش بە جێم ناهێڵێ!
#شێرکۆ بێکەس#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە.=KTML_End=