#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
خانمەکان!
گوێچکەتان باش!
من جووتێ گوارەی خوشکێکی
قەیرەی کامەرانم
هێشوویەکم کەڵەگەت و سپی سپی و
بەلاملدا وەختێ کە شۆڕشۆڕ ئەبمەوە
هەتا نزیکی سەرشانم.
من زۆر کەم ئەچمە دەرەوە و
لەناو قوتوە شینەکەمدا
وەڕس، وەڕس، پاڵکەوتووم و
هەر لە ماڵم.
مەگەر دەگمەن هەوای دەرێ هەڵمژم و
مەگەر ڕێکەوت قژی کوڕێکی سەرجادە ببینم و
یاخود بۆنی خۆشی نێرێ
بێتە لووتم.
بێزار بێزار هەر لە ماڵێ و
هەر لە ماڵێ!
پێرێ خۆشترین ڕۆژم بوو
ئێوارە بوو چووینە دەرێ بۆ ئاهەنگێ
بۆ کۆنسێرتی کامکارەکان.
کە دانیشتین وەختێ گۆرانیی هەڵفری.
مۆسیقا کەوتە لەنجەولار.
ئیتر منیش لای خۆمەوە
لەگەڵیاندا کەوتمە سەماو
لە خۆشیاندا گەرم بووم و
خەریکبوو خۆم بترازێنم و
لەو گوێچکانە بێمە خوارێ و
ڕاکەم هەتاکو سەر شانۆ
بەڵام ئیتر خانمەکەم
توند گرتمی و داینامەوە و
وتی نابێ!
هەتا کۆنسێرتیش تەواو بوو
من هەر دڵم
لای ئەو کوڕە کەمانە بوو
کە بە دەنگی عاشقانەی
پڵپڵەی جەستەمی لەرزان!
وەختێ چووینەوە ماڵەوە
هەر ئەو شەوە لەناو قوتوە شینەکەمدا
من لە خەوما
دەستم لە ملی کەمانچەی
ئازیزدا بوو تا بەیانیی!
#شێرکۆ بێکەس#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە.=KTML_End=