#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
ئەم کاتەت باش!
من ناوم گابەردە
لەسەر ئەم بەرزاییە ئەژیم
چاوم لە هەموو شتێکە!
ئەمەوێ بەر لەوەی بەر بارووت و جادە بکەوم و
نەهێنیەکان لەگەڵ خۆمدا وردوخاش کەن.
هەندێ قسە هەیە بیکەم:
جارێکیان هەر لە پاڵ مندا
بۆسەیەکیان بۆ دوو جۆگەی بێ گوناﮪ دانا
جۆگەکان بە دەم گۆرانی وتنەوە ئەهاتن
وەختێ گەیشتنە بەردەمیان کوشتیانن.
تەنها لەبەر ئەوەی سەرچاوەکانیان جیابوون.
تەنها لەبەر ئەوەی ئاوەڕۆیان لەوان نەبوو.
من بۆ خۆم تا دوو ڕۆژ لە باتی ئاو
خوێناوم ئەخواردەوە!
ڕۆژێکی تر تاقمێ هاتن و هەر لە پاڵ مندا
تفەنگەکانیان خستە سەرپێ و لوولەکانیان
کردە خوارێ و ئەو سنەوبەرانەیان کوشت
کە هەموو بەیانییەک
سروودێکی سووریان
بە دەم سەمایەکی سوورەوە
بۆ باڵندە هەژارەکان ئەخوێند
ئەو سروودەی کە لە سروودە
باوەکەی ئەوان نەئەچوو.
ئەو سروودەی لە پێناسەی ئەوانی هەڵنەگرتبوو.
بەڵام ئەوەی هەرگیز بیرم ناچێتەوە.
ئەو ژنە بوو کە بە ناوی خوا و پێغەمبەر و
شەرەفەوە چەند بەردێکی دراوسێی منیان
لێبەست و هاویشتیانە گۆمێکەوە!
ئاخر ئیوە نازانن بە دزێ خورەتاوەوە
بەدزێ چاوی بارانەوە
بەدزێ چاوی خواوە
چەن شعریان کۆشتوە
چەن شانۆ نامەیان فڕاندوە
ئاخر ناوەکان زۆرن بەمن ڕیز ناکرین
ئاخر من و سۆرانی مامە حەمە وەک درەخت و
ئاو و مەل و هەوا
دوو دۆستی گیانی بە گیانی بووین
#شێرکۆ بێکەس# [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە.=KTML_End=