#قەزوان#، دارێکە لە بنەماڵەی پستەکە چەند جۆرێکی ھەیە، ئەم دارە زۆرتر لە ناوچە شاخاوییەکاندا شین دەبێت و بە میوەکەی دەگوترێت قەزوان کە دەکرێتە ناو دۆوە و تامێکی خۆشی پێ دەدات، لە داری قەزوان شیلەیەکی سپی دەڕژێت، کە بنێشتی کوردی لێ درووستدەکرێت.
وشەی قەزوان یان دار قەزوان هاوتایە لەگەڵ وشەی قەتەناز، دار بنێشت، دارچاچکە، داروەن، دارەبەن، چونکە جگە لە قەزوان ئەو ناوانەشی هەیە، داری قەزوان جگە لەوەی بەرێکی هەیە بە ناوی قەزوان بۆ زۆر مەبەست بەکاردێت لە قەدەکەشی بنێشتی کوردی لێ درووست دەکرێت.
قەزوان خۆراکێکی وەرزی بەهارییە، شێوازی خواردنەکەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، بۆ ناو دۆ یان ترشیات یان بەشێوەیەکی سادە دەخورێت لەگەڵ تامە خۆشەکەی کۆمەڵێک سوودی زانستی هەیە بۆ تەندرووستی مرۆڤ.
1. توانای سێکسی زیاد دەکات و سووڕی خوێن چالاک دەکات.
2. دژە هەوکردنە، بکوژەری بەکتریای زیانبەخش و میکرۆباتە لە جەستەدا بەتایبەت گەدە و قۆڵۆن.
3. چەوریەکەی سوودبەخشە بۆ لەناوبردنی چەورییە زیانبەخشەکان لەجەستەدا.
4. بۆ بەهێزکردنی مێشک بەسوودە، خانەکانی مێشک چالاک دەکاتەوە.
5. زەیتەکەی چارەسەر و بەسوودە بۆ حەساسیە قوڕگ و هەوکردنی گوێ و جیوب.
6. چارەسەر و بەسوودە بۆ ئەو کەسانەی کەم خوێنن.
7. چارەسەر و بەسوودە بۆ ساڕێژکردنی برین بەگشتی، بەتایبەتیی برینی گەدە و ڕیخوڵە.
8. بەسوودە و چارەسەرە بۆ قەبزی و غازات و هەوکردنی قۆڵۆن.
9. کرمی گەدە لەناو دەبات و ڕێگری لە ڕشانەوە دەکات.
10. تام و بۆنی دەم و گەدە خۆش دەکات و ئیشتها دەکاتەوە.
11. کۆئەندامی دەمار بەهێز دەکات بەهۆی بوونی ڤیتامینەکانی، A و B.
12. ڕێگری دەکات لە پوکانەوەی ئێسک و چڕی دەدات بە ئێسک و بۆ ئێسکە نەرمە بەسوودە.
13. بەسوودە بۆ بۆ نەهێشتنی ئازار لەماسوولکەکاندا.
14. بەسوودە بۆ بەهێزکردنی جگەر و فەرمانی جگەر.
15.بەسوودە بۆ نەخۆشی ڕۆماتیزم وەک چارەسەرێک بەکاردێت و ئازار کەم دەکاتەوە.
16. چارەسەر و بەسوودە بۆ تەنگەنەفەسی، هەستیاری و هەوکردن لە سییەکاندا.
17. لەگەڵ خواردن بەکاردێت، چونکە تام و بۆنی خۆشی هەیە بەتایبەت دەکرێتە ناو دۆ و ماستاو، یان دەیهاڕن و دەیخۆن بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانی گەدە و قۆڵۆن. [1]