#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
ڕۆژتان باش
من ناوم قەڵەمە و لە باخەڵێکی ئەمیندام.
ئێمە هەزاران هەزارین و هەموویشمان ناومان
قەڵەمە.
بۆ ئەوەی لە یەکتر جیامان کەیتەوە. ئەبێ
یەکە یەکە تەماشای چاوی وشەکانمان و دڵی
وشەکانمان و ڕەنگی وشەکانمان بکەیت و لەمانەیش
گرنگتر تەماشای هەنگاوەکانمان بکەیت.
هەموومان ناومان قەڵەمە و بەڵام هەریەکەو
لە باخەڵێکدایە.
قەڵەم هەیە لە باخەڵی ساماندایە.
قەڵەم هەیە باران پێی ئەنووسێ.
قەڵەم هەیە وا لە پەنجەکانی گوڵەبەڕۆژەدا.
قەڵەم هەیە بە دەستی تۆڵەوە.
قەڵەم هەیە لە خێڵی خوێنە.
یان لە هۆزی شمشێر.
قەڵەم هەیە سەری پڕە لە بەفر.
قەڵەم هەیە دڵی پڕە لە پەپوولە.
قەڵەم هەیە گیانی پڕە لە دڕکەزی.
قەڵەم هەیە و هەیە و
هەموویشیان ناویان قەڵەمە!
ئەم نیشتمانە قەڵەمێکی هەیە چەند نووکێکی
ڕەنگاڵەی پێوەیە... بە ڕەش ئەنووسێ ئازادی مێ و
بە سووری نێر ئەیکوژێنێتەوە.
بە مۆر ئەنووسێ
یەکسانی و بە شینی خێڵ ئەیکوژێنێتەوە.
بە سەوز
ئەنووسێ دادپەروەری و بە قاوەیی حیزب
ئەیکوژێنێتەوە.
ئەم نیشتمانە ئەگەر زانی بەڵێنێکی داوەو بەڵام
بەڵێن بۆی بووە بە لەمپەر ئەوسا ئیتر ڕۆژو مانگ و ساڵ
ئەگۆڕێ و بێباک... بێباک ناوەکەی خۆی چز ئەکات و
ئیمزاکەی خۆی ئەسڕێتەوە!
#شێرکۆ بێکەس#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە.=KTML_End=