#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
ئەم نیشتمانە پیرە ئەوەتەی هەیە
ددانی بە یەک گوناهی خۆیدا نەناوە.
قەت نەیوتووە:
یەک جۆگەی لێڵم هەبووە یان ئاوێنەیەکی درۆزن.
یەک گوڵی سیسم هەبووە یان بۆنێکی ناخۆش.
یەک ئەسپی نەخۆشم ڕاگرتووە یان جارێ گلاوم.
یاخود ئەو بەڵێنەم کوێر بوو.
ئەو مێژووەم شەل و گێڕ بوو.
نا.. نا ئەم نیشتمانە پیرە
ڕۆژێ لە ڕۆژان نەخوارو خێچ ڕۆیشتووە و
نە سەرسمێکی داوە و
نە قسەیەکی پیس و پۆخڵی کردووە!
نا.. نا.. نا
ئەو بەردەوام خودا بووە!
#شێرکۆ بێکەس#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە.=KTML_End=