#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
ئەم نیشتمانە باوکێکی ئێجگار گەوجە
گەر پانتۆڵێ بۆ کوڕەکەی خۆی بکڕێ
ئەبێ لە ڕۆژنامەدا بینوسێ و
لە تێ ڤیشدا پانتۆڵەکە نیشانبدرێ!
لە ڕادیۆدا باسی بکرێ و
لە دواییشدا بکرێ بە ڕیکلام و کتێب!
گەر کراسێ بۆ کچەکەی خۆیشی بکات
ئەبێ کراسی ژنانی ئەم دنیایە پێی بزانن و
باخچەی گشتی بەهەردوو دەست هەڵیبڕێ و
لەسەر ئەم جادەی سەهۆڵەیش هەڵبواسرێ!
ئەم باوکە چەنەبازەی من
ڕۆژی دەیان جار پێم ئەڵێ:
چەترێکم بۆ شیعرەکانت دروستکردووە
بۆ ئەوەی لە هاویندا سێبەریان بۆ بکات و
لە زستانیشدا تەڕنەبن.
جادەیەکم بۆ چیرۆکەکانت قیرتاو کردووە
بۆ ئەوەی ئیتر قاچیان لە چاڵ و چۆڵی
هەڵنەنووتێ. نەخۆشخانەیەکم بۆ وشەکانت
کردۆتەوە بۆ ئەوەی ئەگەر نەخۆش کەوتن
بە پەلە چارەسەر بکرێن. هەروەها چەندین
مزگەوتی تازەیشم بۆ دروستکردووی تا لە خوا
دوورنەکەویتەوە گەورەترینیان ئەو مزگەوتەیە
کە لووتی چۆتە ناو هۆڵی هونەرەوە و
ڕۆژی پێنج جار بەسەر مۆسیقا و گۆرانی و
شیعردا ئەپژمێ و لووتیشی بە پەردەی شانۆکە
ئەسڕێ!
ئەی باوکە گەوجەکەم!
تۆ تاقە باوکی کە منەت بەسەر کوڕ و
بەسەر کچت و بەسەر شەقام و بەسەر درەخت و
بەسەر گردی زیندووان و شەهیدان و
بەسەر باخچە و بەسەر بولبول و پارکەکانی
خۆتدا بکەیت!
#شێرکۆ بێکەس#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە.=KTML_End=