#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
دیمەنێکی شانۆیی: شوێن: سەرجادەی سەهۆڵەکە.
کات: سەرلەبەیانی. دوو درەختی سەر شۆستەکە
بەتەنیشت یەکەوە. لەولایشەوە پیاوێکی کەتەی چەکدار.
دوورتریش
کۆمەڵێ گەنج ڕاوەستاون.
یەکەم درەخت ڕووئەکاتە دووەم درەخت:
تۆ ئەو وێنەکێشەت ئەناسی؟!
دووەم درەخت: ئەی چۆن! کەم ڕۆژ هەبووە، ئەگەر
ئاو و هەوا خۆش بووبێ، سەرلەئێواران، نەهاتبێتە
لامەوە و دەستێکیشی نەخستبێتە سەرشانم!
یەکەم درەخت: ئەی ئەزانی ئەمڕۆ چییە؟!
دووەم درەخت: ئەمڕۆ ساڵیادی کۆچی سووری ئەوە!
یەکەم: لە مامزێکی سپی ڕۆح سووک ئەچوو!
دووەم: بەڵام خۆی سەوز بوو.
یەکەم: ئەزانی لە بەردەمی مندا کەوت... ئەی تۆ
ئاگات لێنەبوو؟!
دووەم: من چاوم لێنەبوو. لەو کاتەدا نیشتمان
دروشمێکی پیا هەڵئەواسیم!
یەکەم: ئەی وێنەکانیت دیبوو؟!
دووەم: هەندێکیان. چەند جارێک لە بەرچاوی من
تابلۆکانی نیشانی هاوڕێکانی ئەدا... ئەمە
بەرلەوەی لە دواییدا لە مۆزەخانەکەی ئەوبەرەوە
پێشانگایان بۆ بکاتەوە!
یەکەم: جاربەجار وێنەی ئێمەیشی ئەکێشا.
دووەم: بەڵام وەکو وێنەکێشە کۆنەکان نا.
ئەو وێنەی ڕۆحمانی ئەکێشا نەک ڕواڵەتمان.
یەکەم: ڕاستە. ڕۆژێک نیشتمان لای منەوە
ڕاوەستابوو،
ئەیوت: من لەو وێنانە تێناگەم.
دووەم: ئینجا ئەو لە چی ئەگات!
یەکەم: وا خۆیشی بەرەو ئێرە هات )نیشتمان لە
شێوەی پیاوە کەتەو چەکدارەکەدا دێتە لایانەوە ئەوەستێ(
نیشتمان: ئەوە چییە وا سەرتان ناوە بە سەری یەکەوە؟!
یەکەم: باسی ئەو ێنەکێشە ئەکەین کە لە
ڕووداوێکی شوومی
ئوتومبیلدا لێرەدا کەوت بە دەمدا
نیشتمان: ئا... ئا... شتێکی وام لە بیرە!
دووەم: ئەتناسی؟
نیشتمان: ئەی چۆن... ئەی چۆن... سەردار سەوز ناڵێن؟!
یەکەم: (پێئەکەنێ) دەفەرموو! سەرداری چی؟!
سەروەت... سەروەت
نیشتمان: ئا... ئا... ببوورن... بە ڕاستی
ئەوەندە سەرم قاڵە خەریکم ناوی خۆیشم بیرئەچێتەوە.
دووەم: ئەی وێنەکانیت دیبوون؟! بە لاتەوە چۆن بوون؟!
نیشتمان: بە ڕاستی زۆر کەم. بەڵام من تێیان نەئەگەیشتم.
(بە پێکەنینەوە) جارێکیان وێنەی پیاوێکی نیشاندام
سێ چوار دەم و چاوی هەبوو... ئاخر مرۆڤ چۆن سێ دەم و چاوی
هەیە؟! ها... وا نییە؟!
دووەم: بۆ نا؟! ئێمە ڕۆژانە تۆ ئەبینین لە سێ
چوار دەم و چاو زیاتریشت هەیە!
یەکەم: ئەمە ڕاستە. من ئەو ڕۆژە لە کردنەوەی
بازاڕێکی گەورەدا تۆم بینی چوار دەم و چاوت
هەبوو دەم و چاوێکی کوردی و یەکێکی تورکی و یەکێکی
فارسی و یەکێکی عەرەبی.
نیشتمان: شتی وا نییە. ئەوە هەر چاوی ئێوە وام
ئەبینێ!
دووەم: ئەو ڕۆژە هەر لێرەدا بوو باسی
بەڵێندەرێکی دەوڵەمەندی ئەم شارە کرا... تۆ ناوی خۆی و باو و
باپیری و ڕەچەڵەکیت هەر هەمووی ئەزانی و لە بەرت
بوون.
تەنانەت ناوی دایکی و نەنکی نەنکیشی... کەچی...
یەکەم: (بۆی تەواو ئەکات) کەچی ناوی شەقامێکی
گەورەی ناو دنیای هونەری ئەم شارە نازانی؟!
نیشتمان: )ئەشڵەژێ( سەرقاڵیی... سەرقاڵیی...
ببوورن ببوورن... من ئەبێ بڕۆم... چونکە تۆزێکی تر
پێویستە بەردی بناغەی کۆمپانیای ئازادی دابنێم! )ئەڕوات(
دووەم: توخوا ئەمە نیشتمانە؟! یان موقاویل؟!
یەکەم: باشتر با بڕوات!
دووەم: ئای کە ڕۆژێکی غەمگینە... ڕۆژێکی ڕەنگ خۆڵەمێشیی...
یەکەم: چ زیانێکی گەورە بوو؟! بۆ ئەم شەقامە و
بۆ ئێمەو بۆ هونەرو بۆ جوانی و بۆ هەموو دنیایش!
دووەم: ئەی ئێمە ئەمڕۆ چی بکەین؟!
یەکەم: سەرلەئێوارە هەر لێرەدا... ساڵیادێکی
گەورەی بۆ ئەگێڕین... ئەو گەنجانەیش هەر هەموویان...
لەگەڵمانن...
دووەم: من بە نیازم پەخشانێکی بە
گەڵاوەریوەکانم بۆ بنووسم!
یەکەم: من شیعرێکم بۆ نووسیوە. درێژ نییە...
ئەگەر بێزارت نەکەم هەر ئێستا حەزئەکەم بۆت
بخوێنمەوە!
دووەم: بە گوێچکەی دڵی هەموو گەڵاو پژوپۆیەکم
گوێت لێ ئەگرم
یەکەم: شیعرەکە ئەخوێنێتەوە. گەنجەکانیش دێنە
لایەوە و ئەوانیش گوێ ئەگرن
#شێرکۆ بێکەس#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە.=KTML_End=