#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم.
یەکەم جارە ناوەکەم و خۆم و ڕوخسارم و جادەکە
لەیەک بچن. چەند ڕۆژێکە،
وەکو ئەوەی چەند ساڵێ بێ، کچێک هاتۆتە ڕۆحمەوە،
بە یەکەوە لەتەک خەونێکی شینباو و بارانێکی
تازە و شەماڵێکی نارنجیدا هاتوونەتە ناو
ڕۆحمەوە. کچێک هاتۆتە چاومەوە و لەگەڵ خۆیدا
هەندێ لە چوکڵەی ئەستێرە و هەندێ لە پرژەی
گۆرانی و هەندێ لە شنەی ئۆخژن و هەدادانی ئاواتێکی مەیلە و
سەوزی بۆ هێناوم.
کچێک هاتۆتە ڕۆحمەوە، نە فریشتەی
خواوەندێکەو نە پەرییەکی ئاسمانەو نە حۆرییەکی
بەهەشتە.
کچێکی جوانی سەر ئەرزە و. قەڵبەزەیە و
لەشی پڕە لە مۆسیقا و هەر نۆتەیە و تیا
هەڵئەقوڵێ.
ناسک ناسک. لەم دیوەوە وەختێ کە تەماشای ئەکەیت
لە ناوەوە چرۆی شیعری تیا ئەبینی و لێوانلێوە لە
مانگەشەو، کاتێ ئەڕوا ئەو تریفەی لێئەڕژێ و
ڕۆژێ جلی دارهەنارێ ئەپۆشێت و ڕۆژێکی تر جلی
زەردەی ئێوارانێ و یان پۆشاکی شەپۆلانێ.
پرچە درێژە ڕەشەکەی ئەڵێی مەراقی دایکمە و
ڕەنگی پێستی لە جۆگەی بەر هەتاو ئەچێ و
دەستەکانی لە دەستی بەفری قەسیدە.
هێندە نابێ کچێک بۆتە نیشتمانم
لە جێی ڕووبار من لە کەنار لەشی ئەودا دائەنیشم
لە جێی قەڵبەزە و تاڤگەیش ئەچمە بەر کەزیەکانی ئەو.
پێستی نازداری ڕۆزانا
لە گەواڵەی هەورێ ئەچێ
ڕەنگ برۆنزیی
هەموو جارێ
کە سەرنجم
لە هەوری شان و مل ئەدا
ئیتر بارانی پەخشان و
خەون و ئاواز
بەسەر مندا دائەڕژێ!
من هێندە نابێ زانیومە
عەشق هەر خودا خۆیەتی
ئەو وەختەی دێتە ناوتەوە
ئەوسا ئیتر تۆی عاشقیش
لە سووتانیا پرشنگێکی!
نووری ئەوی!
ژیان، دوو چاوی ئەڵوەندی ڕۆزانایە.
یاخود سروەی سەر دوو باسکی
دەستە نەرم و نۆڵەکانی
لە یەکەمیاندا
تۆ گەمیەی سەرخۆشیت و
لە دووەمیاندا تۆ ئەبی بە ژێی تاری
نێوان سیحری پەنجەکانی!
من هێندە نابێ زانیومە
وەختێ کە خۆشەویستیی هات
وەختێ کە ئاوێتەت ئەبێ
لە خۆتەوە و نازانی چۆن!
زمانی دار
زمانی بەرد
زمانی ئاو
زمانی زەریا فێر ئەبی و
لە دواییشدا
باڵداریت و بۆ خۆت ئەفڕی!
کە عاشق بوویت
نازانی چۆن؟ یان لە کوێوە؟
هێزێک دێتە ناو لەشتەوەو
لە خۆتەوە
بێ دەربەستی و
سواری سەری ترس ئەبیت و
لە ڕێگەی هات و نەهاتدا
بێ پەروایت و
تۆ هەر ڕێگەی نەهات ئەگری!
ئیستە ڕۆژانە کە بە لای
باخچەی نالی و شیعرەکانیا تێئەپەڕم
لەمسەرەوە ڕۆزانا بۆتە حەبیبەو
لەو سەرەوە دەم و لێوی
لەسەر پەلکی شیعرێکی کەسک پەپوولەیە.
ئەگەر دنیا لەم عەشقەی من و ڕۆزانای
لەناو دڵی ژن و پیاوی
سەر زەمیندا تۆو کردایە.
دڵنیا بووم ئیتر ڕق و شەڕ و تۆڵەی
تا هەتایە بە خۆیەوە نەبینیایە.
نیشتمان ڕۆحی منی خستبووە ناو چوارچێوەیەکی
تەنگەبەری خۆیەوە.
بەڵام ئەو کچە هات و ڕۆحی گیرۆدەی بەرەو
مەوداکانی گەردونێ هەڵفڕان. نیشتمان ئافەرۆزی
کردبووم
بەڵام دڵی ئەو کچە داڵدەی دام. نیشتمان بە
تەنها هەر ڕابوردووی هەبوو وەلێ ئەو کچە هات و لەناو
دەستەکانیدا
داهاتووی بۆ هێنام!
ئەو کچە ناوی ڕۆزانایە
شیعرێکە هێشتا نەخوێنراوەتەوە و چاپیش نەکراوە.
هێشتا هەر گوڵی پاک نووسە.
لەبەر دەستی خودادایە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ
جوانتری ئەکا و هەژدە جار پیاچۆتەوەو
هەژدە ساڵە و ئەم قەسیدەیە کۆتایی نایە!
#شێرکۆ بێکەس#. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە.