#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
ئەم کاتەتان باش!
منم ڕۆزانا
تەمەنم نۆزدە گوڵەباخی وەڕسە و
نۆزدە پرسیاری شپرزە و
نۆزدە مامزی یاخیی.
من هاووڵاتی خەملاندم
خەملاند لە کیشوەری زوڵمدایە و
ئەکەوێتە باشووری خۆرئاوای هەژارییەوە
پایتەختەکەی ناوی تەمتوومانەو
لە چوارلاوە ڕەشەبا دەوری داوە.
من لە گەڕەکی پاییزدا لەدایک بووم
تەنیایی مەڵاشوومی هەڵداوەتەوە.
قوماتەکەم گەڵای وەریو بووە.
باوکم ناوی بریندارە و
دایکیشم ناوی خەزانە
لەگەڵ ڕاپەڕینی چاو سەوزدا
هەردووکمان لە ڕۆژێکدا چاومان هەڵهێناوە.
ئەو شیری دایکی منی خواردووە و
منیش شیری دایکی ئەو.
من زۆر دەمێکە باوکم چۆتە لای گڵ
نیشتمانی پیرۆز بە دەستە پیرۆزەکانی خۆی
بەر لە دە ساڵ
لە بەیانییەکی تەماویدا و
لە پێچی مێژوویەکی شوومدا
ئەو کاتەی وڵات بووبوو
بە دەستاڕێکی گەورە گەورە و
براکانیش یەکترییان تیا ئەهاڕی!
لەو دەمەدا سێ فیشەکی گڕداریان لەسەریا چاند.
من لەگەڵ نان و ئاوی
کوژراودا گەورە بووم.
ئەوەندەیش نابێ
لە هۆڵێکی کتێبخانەی گشتی
بە هۆی دێڕێ شیعری گۆرانەوە
لەگەڵ کامەراندا یەکمان بینی
ئەو کوڕە باریکەلە قژ تەنکەی
لەسەر لێواری خۆکوشتن ڕاوەستابوو
لەو ساتەدا
یەکمان ناسی
هەر زوو ئێمە
وەک دوو دڵۆپ فرمێسک و
دوو وشەی غەمگین و
دوو گوڵە گەنمی تینوو...
دوو دەست لە کەلەپچەیەکدا...
دوو سێو لە سەبەتەیەکدا...
دوو ئاوێنە لە ڕێگەیەکدا
دوو ڕەنگی بێزار لە ڕەنگدانێکدا
یەکمان ناسی
کتێب تەوقەی لەگەڵ یەکتردا پێکردین و
کتێب خستینیە تەنیشت یەکەوە و
کتێب ئاڵ و گۆڕی مەراقی پێکردین و
کتێب ڕیزێ خەون و ڕیزێ پرسیاری
نەکراوی پێ نووسین و
ئیتر چووینە ناو قوڵایی یەکترەوە.
ئیستا ئێمە دەستمان لەم نیشتمانە پیرە بەرداوە.
ئیستا ئێمە خۆشەویستیمان کردووە بە نیشتمان
بۆ خەونەکانی هەردووکمان!
#شێرکۆ بێکەس# [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە.=KTML_End=