#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
بەیانیتان باش!
من ناوم کتێبە
هەزاران هەزار دەم و چاوو هەزاران هەزار
وڵات و دڵ و دەروونم هەیە.
جاری وا هەیە پڕم لە خۆشەویستی، لە لێبوردن،
لە بەزەیی، لە عەقڵی ڕووناک، لە ئازادیی
جاری وایش هەیە پڕم لە ڕق و لە بوغز و
لە تۆڵە و تاریکیی...
گەلێ جار بە دەنگێکی گڕ ئەدوێم و
گەلێ جاریش بە دەنگێکی ناسک
جارێ مێم و جارێ نێر و
زمانم سەدان زمانە و
پێناسەیشم لە هەزار ڕەنگ.
من سەرینم پەنجەکانی هەردوو دەستە و
وشە و دێڕ و لاپەڕەیشم عاشقی چاو.
ئەو وەختەی منت بە دڵ بێ
ئەبمە جوانترین هاوڕێت.
لەوانەیە ئاگری شەڕم خۆشکردبێ و
لەوانەیشە بووبم بە ئاسمانی ئاشتی...
من لە قوڕەوە کتێبم
هێندەی گلگامشیش کۆنم...
من نەبوومایە ژیان کوێر ئەبوو
سبەی نەئەبوو... مێژوو ون ئەبوو
جاری وا هەیە ئەستوور ئەستوورم و
جار وایش هەیە باریک باریک.
ئەمڕۆ کۆترێک هات بۆ لام
دەنووک بە خەندە و چاو ڕووناک
وتی: وەرە، کتێبخانەیەک خۆشەویست
کتێبخانەیەک بەخشندە بانگت ئەکات.
خاوەنی ئەم مەکتەبەیە: هەتاوێکی خوێندەوارە
نە خورافات ئاسمانێتی و نە مقەستیش سانسۆرێتی
بەڵام پاسەوانێکی عاشقی وەک تۆی ئەوێ
تا کۆترەکان و وشەکان و وێنەکان نەدزرێن.
من ئیستاکە دە ڕۆژ زیاترە وام لەناو مەملەکەتی
ئەم هەتاوە بەرینەدا، عەشقی ڕۆزانام تێکەڵی
ئەم دەغڵ و دانی کتێبانە کردووە. من هەست ئەکەم
لەم شوێنەدا هەموو ڕۆژێ: ڕووبارێکی تازە.
باخچەیەکی تازەو فڕینێکی تازە فێر ئەبم. من هەست ئەکەم
هەموو ڕۆژێ تارماییەکی مێژووی کۆن، خێوو دێوو درنجێکی
درۆی دیرۆک بەجێدێڵم. هەموو ڕۆژێ تیشکێک
لە ئایندەدا ئەچێنم و ئەسپی خۆرێک ڕام ئەکەم و
ئەیکەم بە مزگێنی ڕێگا! هەموو شەوێکیش شیعرێکی
جوانکیلەی وەکو ڕۆزانا لەسەر ئەم جەستە ماندووە
هەڵئەکەنم!
#شێرکۆ بێکەس# [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە.=KTML_End=