توێژینەوەیەکی نوێی کەنەدی پەیوەندییەکی بەهێزی دۆزیوەتەوە لەنێوان فشاری کارکردن و ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ لە پیاواندا و ئەمەش مەترسییە لەسەر تەندرووستی دڵی پیاوان.
توێژینەوەیەک کە لە زانکۆی لاڤاڵ، لە ویلایەنی کویبێکی کەنەدی ئەنجامدراوە، لێکۆڵینەوەی لەبارەی پەیوەندی فشاری زۆری کارکردن و نەخۆشی دڵ ئەنجامدا و بۆی ئاشکرا بوو، فشاری کار، دوو هێندە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کار بە بێ هیچ پاداشتێک، ئەگەری هەیە کێشەی تەندرووستی لێبکەوێتەوە و ببێتە هۆی درووستبوونی گرفت لە دڵ و مەترسی لەسەر ژیانیان.
ئەو توێژینەوەیە لێکۆڵینەوە ی لەبارەی چەند گرووپێکی جیاوازی تەمەن و کارە جۆراوجۆرەکان کرد، بۆیان دەرکەوت، ئەو پیاوانەی کاردەکەن و ناهاوسەنگی هەیە لەنێوان کارکردنیان و ئەو پاداشتەی وەریدەگرن، بە ڕێژەی %49 زیاتر تووشی نەخۆشی دڵ و خوێنبەرەکان دەبن بە بەراورد بەو پیاوانەی کەمتر ئەم فشارەیان لەسەرە.
فشاری کارکردن بە یەکێک لە هۆکارە مەترسیدارەکان دادەنرێت بۆ تووشبوون بە گرفتی دەروونی و جەستەیی، وە بە هۆکاری خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دادەنرێت لە هەندێک کەسدا.
توێژەرە کەنەدییەکانیش دەڵێن، کاریگەرییەکەی هاوشێوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی قەڵەوییە، بەو پێیەی هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، کەمخەوی، خەمۆکی و تەنانەت نەخۆشی شەکرەش. [1]