پاڕانەوە
ڕووڕەشی دەرگای خودام و سەرفکەندەی موستەفا
شەرمەساری ڕۆژی حەشر و ملکەچی ئالی عەبا
چارەڕەش، شەو تا بەیانی هەر ئەم و ئەو لا دەکەم
هەروەکوو ماری بریندار هەڵدەسووڕێم بێسەدا
ڕوو لە کوێ کەم یاڕەبی، چ بکەم لە دەس عیسیانی زۆر
غەیری دەرگای تۆ نییە دەرکێ کە ڕەحمم پێ بکا
دێمە دەرگاکەت کە بۆ چاک و خراپ ئاواڵەیە
کەوڵ و پێستم ڕادەخەم تا هەم لە دنیای بێوەفا
هەر ئەوەندەم بەس کە تۆم ناسی و لە تۆ داوا دەکەم
لێم ببووری و خۆش ببی لێم و نەسێنی لێم جەزا
ڕووم ڕەشە، ئەمما سەر و ڕیشم وەکوو بەفری سپی
بەو سەر و ڕیشەم ببەخشە! نەک بە ڕووی هێندە سیا
«کامیل» ە نێوم، بەڵام ناقیس لە دونیا مامەوە
چونکە بێمەیلی ئەتۆم زۆر کرد، هەتا توانیم خودا!
1983
قاقڵاوا
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]