ئامۆژگاری
تۆ لەگەڵ هاواڵ بەمۆڵەت بە، هەتا بتکەن بە شا
زەڕڕەپەروەر بە، هەتا بتکەن بە ڕۆژی ڕووی سەما
عەیبی خەڵکی قەت مەبینە، هەر سەرنج دە عەیبی خۆت
تاوەکوو عەیبت بپۆشن، گیانە غەیرە و ئاشنا
ئەرخەیان بە، غەیبەتی تۆش هەر دەکا لێرولەوێ
غەیبەتی هەرکەس لە لای تۆ هەر کەسێ بێتوو بکا
باسی نامووسی کەسێ ناکا بە مەعلوومی ئەوەی
گەر بەنامووس بێ، لە دونیادا مرۆیانە ژیا
هەرکەست دی کەوتووە، دەستی گرە هەستێتەوە
تاوەکوو پاشان ببێتە پشتیوانی وەک برا
هەرکەسێ لێت قەڵسە، چاوم! پێکەنە، ئابڕووی بەرە
تووڕەیی لەم عەسرەدا هەمبانەیێکە پڕ لە با
وەک «ئیمامی» بە، کە غەیر و ئاشنا لێی ڕازییە
چونکە قەت نەیکرد بە عومری سیڕڕی خەڵکی ئاشکرا
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]