نەسیمی نەوبەهار
بە تەڕدەستی نەسیمی نەوبەهار هات
بەگورجیش ڕۆیەوە، من مام و ئاوات
ئەرێ ئەی سەروی باڵابەرزی خۆشڕەنگ!
ئەوندە بۆ لەبارە بەژن و باڵات؟!
لە بەر بەرزی، وەباڵی عاشقانت
نەگەییە گەردنت، هەیهاتە هەیهات!
بە دڵسەردی بەجێ ماوم لە هاواڵ
چ سەرگەرمم بە عەشقی ئاڵوواڵات
دەمێ دڵسەرد و گا سەرگەرمی تۆم من
کەچی تۆشی دەگەڵ من بێ موبالات!
لە دووری تۆ وەکوو بولبول دەناڵم
بە هەڵبەست و وتەی خۆش و مەقالات
لە شەترەنجی خەیاڵت بازیگەر بووم
بە دەس فیلی فیراقت بووم کش و مات
بە قوربانی وەفات بێ، گەرچی نیتە
«ئیمامی» هەر دەڵێ دوور بی لە ئافات
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]