بەشدار موزەفەر
#نادیە موراد# ، باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان و براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە نیویۆرکی ئەمریکا بە نوێنەرایەتیی سەتان کوردی ئێزدی سکاڵای دژی کۆمپانیای (Lafarge) ی فەرەنسی تۆمارکرد و بەوە تۆمەتباری کرد، کە یارمەتیی #داعش# ی داوە.
سکاڵاکە لەلایەن ئەمەل کلۆنی، پارێزەری کوردی ئێزدی و لی ولۆسکی، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمریکی لە دادگەیەکی ڕۆژاوای نیویۆرک تۆمارکرا و کۆمپانیاکە بە پیلانگێڕی بۆ پاڵپشتیکردنی مادیی ڕێکخراوی داعش بۆ هەڵمەتی تووندوتیژی تۆمەتبارکرا.
لە سکاڵاکەدا هاتووە: کۆمپانیاکە یارمەتیی کردەوە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکانی داعشی داوە و لەگەڵ ڕێکخراوەکە پیلانی گێڕاوە.
ئێزدییەکان لە سکاڵاکەیان داوا دەکەن کە کۆمپانیاکە دەبێت قەرەبووی هەموو ڕزگاربووانی دەستی داعش بکاتەوە.
دەستەی پارێزەرانی ئێزدییەکان لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد، جێگەی سەرسوڕمانە کە کۆمپانیایەکی پێشەنگی جیهانی لەنزیکەوە لەگەڵ داعش کاری کردووە، لەکاتێکدا داعش خەڵکی سڤیلی ئەمریکیی کوشتووە و کۆمەڵکوژی دژی ئێزدییەکان کردووە.
کۆمپانیاکە پێشتر دانی بەوە ناوە کە هاوکاری داعشی کردووە و ملیۆنان دۆلاری بۆ ڕێکخراوەکە دابین کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی کۆمپانیای Jenner & Block کە کۆمپانیایەکی یاساییە، کۆمپانیای Lafargeی فەرەنسی چیمەنتۆی بۆ ڕێکخراوی داعش دابینکردووە بۆ درووستکردنی تونێل و حەشارگەی ژێر زەوی کە شوێنی حەوانەوەی ئەندامانی ڕێکخراوەکە بووە و بارمتەکانیان تێیدا شاردووەتەوە، لەنێویاندا بارمتە ئێزدییەکان.
ئەوە یەکەمجار نییە کە داوایەکی لەم شێوەیە دژی ئەو کۆمپانیایە تۆمار دەکرێت و لە تەممووزی ئەم ساڵیشدا خێزانی بەشێک لەو سەربازە ئەمریکییانەی کە لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە کوژران یاخود بریندارکران، سکاڵایان دژی کۆمپانیاکە تۆمار کرد.
لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووش کۆمپانیا فەرەنسییەکە لە دادگەیەکی ئەمریکا دانی نا بەوەی، پارەی بەو گرووپانە داوە کە لەلایەن ئەمریکاوە وەکوو تیرۆریست ناسێندراون، لەنێویاندا یارمەتیی ڕێکخراوی داعش داوە بۆ ئەوەی بتوانێت لە چالاکییەکانی لە سووریا بەردەوام بێت و کۆمپانیاکە ڕەزامەندیدا لەسەر ئەوەی کە 778 ملیۆن دۆلار وەکوو پێبژاردن بدات.
کۆمپانیای (Lafarge) فەرەنسی یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی چیمەنتۆ لە جیهاندا سەرەڕای جەنگی ناوخۆیی سووریا کە لە ساڵی 2011 دا دەستی پێ کرد، درێژەی بە کارەکانی دەدا و کارەکانی نەوەستاند.
ئەمریکا لە ساڵی 2016 ڕایگەیاند، داعش کۆمەڵکوژی دژی کریستییانەکان، ئێزدی و موسڵمانە شیعەکان کردووە.
هەروەها لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2016دا ڕایانگەیاند، داعش کۆمەڵکوژی دژی ئێزدییەکان لە ئێراق و سووریا کردووە بۆ ئەوەی ئێزدییەکان لەنێوببات.
لە هێرشەکەی بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014دا، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و هەزاران کەسیشی ڕفاند. تاوەکوو ئێستا 2713 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن کە 1270 کەسیان ژن و 1443 کەسیشیان پیاون.
بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدی ئاوارەبوون؛ بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێنراوەکان، بەهۆی هێرشی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.
لە هێرشەکەدا نزیکەی پێنج هەزار کەس کوژراون و دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون. هەروەها شەش هەزار و 417 ئێزدی ڕفێنران، لە ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە ڕەگەزی مێ بوون و دوو هەزار و 869 کەسیش لە ڕەگەزی نێربوون؛ تاوەکوو ئێستا سێ هەزار و 554 کەسیان ئازادکراون، کە لەنێویدا هەزار و 207 ژن، 339ی پیاو، هەزار و 51 منداڵی کچ و 957 منداڵی کوڕ هەن.
دوای هێرشەکانی داعش تاوەکوو ئێستا، 83 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکەکەسیی ئێزدییەکان لە شنگال و دەوروبەری دۆزراونەتەوە.[1]