=KTML_Bold=خۆ من بێ تۆ=KTML_End=
گەر بێیە ماڵەکەم
نەخشەیەکم هەڵواسیوە
لە ئەتڵەسی هیچ وڵاتێکدا نەکێشراوە
ئاڵایەکم هەڵکردووە
لە هیچ کوێدا هەڵنەکراوە
بای هیچ ڕۆژگارێ لێی نەداوە
بەسەر هیچ باڵەخانەیەکەوە نەبینراوە
گەر بێیە دڵمەوە
گۆڕی عەشقێ دەبینی
لە هیچ گۆڕستانێکا هەڵنەکەنراوە
بستێ خاکیان پێ ڕەوا نەبینی
ناچار هێنام
لە تاریکاییی سنگما نێژام
دەترسم پێش ئەوەی دنیا جێ بێڵم
لە ئەتڵەسا نەتبینم
لەژێر سێبەرتا
سێپەنجەی سڵاوم بە سەرمەوە نەنووسێنم
جا با لە ئەتڵەسیشا نەتبینم
خۆ من بێ تۆ
دان بە سنووری هیچ وڵاتێکدا نانێم
با هەڵنەکرابی لە هیچ کوێ
خۆ من بێ تۆ
دەستی سڵاوم بۆ هیچ ئاڵایەکی تر
بە سنگەوە نانێم
#ئەشرەف هاشمی#، شاعیری هەست ناسک. پێش لەوەی ئاڵای کوردستان هەڵبکرێت ئەم شیعرەی هۆنیوەتەوە. [1]